سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت؛ ناتوانرێت گەرووی هورمز بە پێشێلکاری ئاشکرای ئاگربەست بکرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 22ی نیسانی 2026، محەممە دباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند:” ئاگربەستێکی تەواو کاتێک مانای هەیە کە بە گەمارۆی دەریایی و بارمتەگرتنی ئابووری جیهانی پێشێل نەکرێت.”
قالیباف گوتی:” پێویستە شەڕخوازی زایۆنیستی لە هەموو بەرەکاندا رابگیرێت.”
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد،” ناتوانرێت گەرووی هورمز بە پێشێلکاری ئاشکرای ئاگربەست بکرێتەوە.”
قالیباف گوتی:” بە دەستدرێژی سەربازی نەگەیشتنە ئامانج بە بە هەڕەشەش ناگەن تاکە رێگە قبووڵکردنی مافی گەلی ئێرانە.”
ئەوە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە ترەمپ رایگەیاند، ئاگربەستی ئێستا [لەگەڵ ئێران] درێژ دەکاتەوە تاوەکو ئەو کاتەی سەرکردایەتییە دابەشبووەکەی ئێران دەگەنە “پێشنیازێکی یەکگرتوو.”
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک پۆست (New York Post) رایگەیاند، رەنگە تاوەکو رۆژی هەینی [24-04-2026] هەواڵی خۆش لەبارەی گەڕی نوێی دانوستاندنەکانەوە ببیستین.










