سەرۆککۆماری ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە، کە وڵاتەکەی هەمیشە دەرگای بۆ دیالۆگ و رێککەوتن کراوە بووە، بەڵام سیاسەتی گەمارۆ و هەڕەشە وەک رێگرێکی سەرەکی لەبەردەم پرۆسەی دانوستاندا دەبینێت.
چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی هەمیشە خوازیاری دیالۆگ و گەیشتن بە رێککەوتن بووە.
پزیشکیان رەخنەی توندی لە هەڵوێستی لایەنە بەرانبەرەکان گرت و رایگەیاند: “کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوازی لە گفتوگۆ و رێککەوتن کردووە و بەردەوامیشە لەسەر ئەو بنەمایە، بەڵام پێشێلکردنی بەڵێنەکان، گەمارۆ و زمانی هەڕەشە، بەربەستی سەرەکین لەبەردەم هەر دانوستانێکی راستەقینەدا.”
هەر ئەمڕۆ رۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”ـی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی پاکستانییەوە بڵاوی کردەوە، “ئەگەری هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا گەڕی دووەمی دانوستان بەڕێوە بچێت.”
ئەو بەرپرسە پاکستانییە ئاماژەی بەوە کرد، “دوای بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە، نێوەندگیرە پاکستانییەکان ئاماژەی ئەرێنییان لە تارانەوە بە دەست گەیشتووە، هەروەها لە چەند رۆژی داهاتوو ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران نامێنن.
دوێنێ سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند.










