بانکی ناوەندیی ئێران، رێکارە نوێیەکانی تایبەت بە جووڵەی بازرگانی لە گەرووی هورمز ئاشکرا کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە باجی تێپەڕبوون لە گەرووەکەدا تەنیا بەسەر ئەو کەشتییانەدا دەسەپێنرێت کە پێشوەختە مۆڵەتی تێپەڕبوونیان وەرگرتووە.
پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، بانکی ناوەندیی ئێران لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: رسووماتی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز تەنیا لەو کەشتییانە وەردەگیرێت کە مۆڵەتی تێپەڕبوونیان هەیە.
بانکەکە روونی کردووەتەوە کە، “ئەو داهاتەی لە رسووماتی تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا کۆدەکرێتەوە، لە بەرانبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکاندایە و تەنیا بە شێوەی نەختینە (کاش) وەردەگیرێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە بڕی ئەو باجەی بەسەر کەشتییەکاندا دەسەپێنرێت جێگیر نییە، بەڵکو “بەپێی جۆر و بڕی کاڵاکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت.”
دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران گەرووی هورمزی بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخست، بەڵام دوای بەرێوەچوونی گەرێکی دانوستانەکان لە پاکستان، بۆ ماوەی 24 کاتژمێر گەرووی هورمز کرایەوە، دواتر جارێکی دیکە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە داخرایەوە، هەروەها داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی بەرزبوونەوە نرخی نەوت و گاز لە بازاڕەکانی جیهان، چونکە لە 20% بازرگانی نەوتی جیهانی بەم گەرووەدا تێدەپەڕێت.
هەروەها دۆناڵد ترەمپیش لە بەرانبەر داخستنی گەرووەکە گەمارۆی دەریایی خستە سەر ئێران و ناهێڵێت هیچ کەشتییەکی بازرگانی تاران هاتوچۆ بکات. بەمەش ئێران ناتوانێت بەرهەمی نەوتی هەناردە بکات.










