پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس ئاشکرای کرد، بڕیارە شاندێکی باڵای کۆشکی سپی لە وڵاتی پاکستان، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ راگرتنی جەنگی ئێران کۆببێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 24ـی نیسانی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، بڕیارە هەر یەک لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و جارید کوشنەر، گەورەراوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا، لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنێک بە مەبەستی راگرتنی جەنگ
ئەو بەرپرسە ئەمریکییانە ئەوەشیان ئاشکرا کرد، “پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا، هەر یەک لە ویتکۆف، کوشنەر، بەرەو وڵاتی پاکستان بە رێ بکەون.”
هەروەها ئەو بەرپرسانە بۆ پێگەکە روونیان کردووەتەوە کە “مەبەست لەو سەردانە ئەوەیە کە ویتکۆف و کوشنەر لە شاری ئیسلام ئاباد لەگەڵ عێراقچی کۆببنەوە، تاوەکو پێکەوە گفتوگۆ لەسەر گەیشتن بە رێککەوتنێک بکەن بۆ وەستاندنی جەنگ.”
لە لایەکی دیکەوە، کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاند: سبەی شەممە ویتکۆف و کوشنەر، بە مەبەستی دانوستان لەگەڵ شاندی ئێران، بەرەو پاکستان بە رێ دەکەون.
هەر ئەمڕۆ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نوویسبووی: سەردانی پاکستان، عوممان و رووسیا دەکەم.
ئاماژەی بەوە کردبوو، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەم بریتییە لە؛ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئەنجامدانی راوێژی چڕ لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکانی ئێران سەبارەت بە دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.










