ئێرانجیهان

4 هەزار کەس لە ئێران دەستگیرکراون

کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە کاتی هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکەدا، دەسەڵاتدارانی ئێران 21 کەسیان لەسێدارە داوە و زیاتر لە 4 هەزار کەسی دیکەشیان بەهۆی پاساوی سیاسی و ئاسایشی نەتەوەییەوە دەستگیر کردووە.

چوارشەممە 29ـی نیسانی 2026، کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتەوە، لانی کەم 9 کەس کە پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەکانی کانوونی دووەمی 2026ـەوە هەبووە لەسێدارە دراون، هەروەها 10 کەسی دیکەش بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان و 2 کەسیش بە تۆمەتی سیخوڕی سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە”.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە چوار هەزار کەس بە تۆمەتی “پەیوەندیدار بە ئاسایشی نەتەوەیی” دەستگیرکراون، کۆمیسیۆنەکە دەڵێت: “زۆرێک لە دەستگیرکراوان رووبەڕووی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە بوونەتەوە، لەوانە ناچارکردنیان بە دانپێدانان کە هەندێک جار لە تەلەفزیۆنەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، هەروەها ئەنجامدانی پرۆسەی لەسێدارەدانی وەهمی بۆ ترساندنیان”.

لەلایەکی دیکەوە، فۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیدانەی ئەو “پێشێلکارییە دڕندانانە”ی کرد کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ئەنجام دەدرێن و گوتی: “سەرباری لێکەوتە سەختەکانی ململانێ و جەنگ، دەسەڵاتداران بەردەوامن لە پێشێلکردنی مافەکانی گەلی ئێران بە شێوازێکی دڕندانە”.

تورک داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد، بە پەلە پرۆسەکانی لەسێدارەدان رابگرن و کار بکەن بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و مافی بەرگریکردن لە تۆمەتباران، هەروەها داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو کەسانەی کرد کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستبەسەرکراون.

سەرچاوە

Related Posts