ئێرانجیهان

بەقایی: ئەمریکا لە هەڵگرتنی سزاکاندا رژد نییە و…


 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، ئەمریکا لە بابەتە ئەتۆمییەکان و هەڵگرتنی سزاکاندا خاوەن دیدگەیەکی جیدی نییە و لە هەڵەکانی رابردووی وانەی وەرنەگرتووە. ئیسماعیل بەقایی دەشڵێت: “بەدگومانییەکی زۆر بەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکادا زاڵە.”

 

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رۆژی پێنجشەممە 10ـی ئایاری 2026، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا وەڵامی چەند پرسیارێکی سەبارەت بە دوایین دۆخی دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن دایەوە.

 

ئامانجی سەردانی دووەم بۆ ئیسلامئاباد

 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە سەردانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ پاکستان کرد و گوتی: “ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە، گەیاندنی دیدگەکانی ئێمە بوو بە لایەنی پاکستانی.” 

 

بەقایی گوتیشی: “ئێمە لە سەرەتاوە بە میدیای خۆمان گوتووە کە ئەگەر بڕیار بێت دانوستاندنێک لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بکرێت، خۆمان رای دەگەیێنین. ئەگەر دانوستاندن هەبێت، هەموو شتێک بە شەفافی رادەگەیێنین و لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکدا، درۆکان ئاشکرا دەبن.”

 

ئێران تەنیا گفتوگۆ لەگەڵ پاکستان دەکات

 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکاییەکان لە رووی ژمارە و سەرچاوەی میدیاییەوە باڵادەستن، بەڵام “ئێمە ئەزموونێکی گرانبەهامان هەیە کە نیشانی دەدات زۆرجار ئەوەی دەیڵێن دوای ماوەیەک دەگۆڕێت. بڕیارمان داوە نەکەوینە ژێر کاریگەریی شەڕی میدیایی لایەنی بەرامبەر و وەڵامی هەموو تویتێک نادەینەوە. کارمان تەنیا لەسەر خۆمان دەبێت.” 

 

بەقایی دووپاتی کردەوە کە هیچ دانوستاندنێکی راستی لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادا نییە و تەنیا گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی پاکستانی وەک نێوەندگیر هەیە، کە ئەویش لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنێکە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و بابەتی ئەتۆمی.

 

“ئەمریکا لە هەڵگرتنی سزاکاندا جیدی نییە”

 

بەقایی باسی لەوە کرد، لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردوودا چەندین جار لەسەر ئەم بابەتە قسە کراوە، بەڵام گوتی: “هەر جارێک کە قسە کراوە، لە هەمان کاتدا لایەنی ئەمریکایی کردەوەی سەربازیی دژی ئێران ئەنجامداوە. ئێستا روونە کە ئەوان لە هەڵگرتنی سزاکاندا جیدی نین. ناکرێت بانگەشەی هەڵگرتنی سزا بکەیت و لە هەمان کاتدا سزاکان قورستر بکەیت و دەست بدەیتە چەتەیی دەریایی بەرامبەر کەشتییە ئێرانییەکان.”

 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە دەشڵێت: “دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک دانوستاندنێکی ئاسایی و باو نییە؛ ئەم گفتوگۆیانە پاشخانێکی خوێناوییان هەیە و من ئیتر ناتوانم وشەی ‘متمانە’ بەکاربهێنم. دەبێت بگوترێت لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بەدگومانی زۆر تووند هەیە. ئەمریکا هەمیشە چاوەڕێ دەکات لایەنی بەرامبەر زۆرترین داواکارییەکانی قبووڵ بکات و ئەمەش وادەکات دانوستاندنەکان نەگەنە ئەنجام.”

 

ئەم لێدوانانەی ئیسماعیل بەقایی دوای ئەوە دێن کە گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەهۆی ناکۆکی لەسەر پرسی ئەتۆمی و گەرەنتییە ئەمنییەکان بە بنبەست گەیشت. 

 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە گەمارۆدانی دەریایی ئێران داوە و تاران دەڵێت، تاوەکو گەمارۆکان هەڵنەگیرێن و واشنتن نیازپاکی نیشان نەدات، ناگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. 

 

ئێستا ناوچەکە لە دۆخێکی هەستیاردایە و ئاگربەستە کاتییەکە لەبەردەم مەترسیی هەڵوەشاندنەوەدایە، بەتایبەتی کە هەردوولا یەکدی بە پێشێلکردنی مەرجەکان تۆمەتبار دەکەن. 

 





سەرچاوە

Related Posts