ئێرانجیهان

لە دوایین پێشنیازی ئێران رازی نیم

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پشتیوانیی ڕەهای خۆی بۆ سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق دووپاتکردەوە، هاوکات دوایین پێشنیازی تارانی بۆ ئاشتی ڕەتکردەوە و سزایەکی قورسی بازرگانیشی بەسەر یەکێتی ئەوروپادا سەپاند.

ترەمپ بە ئاشکرا پشتیوانیی خۆی بۆ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق دەربڕی و گوتی: “من بە توندی پشتیوانی لە سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق دەکەم.” ترەمپ ئاشکرای کرد، ڕۆژی پێنجشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەلی زەیدی ئەنجامداوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ڕەزامەندیی واشنتن لەسەر کاندیدکردنی زەیدی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی عێراق دەبینرێت.

سەبارەت بە ئێران، ترەمپ پشتڕاستی کردەوە، “لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە دانوستان لەگەڵ تاران دەکەین،” بەڵام ڕایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک لە دوایین پێشنیازی ئێران ڕازی نییە. ترەمپ ڕەخنەی توندی لە شێوازی بڕیاردانی تاران گرت و گوتی: “سەرکردایەتی ئێران تووشی ‘سەرلێشێوان’ و پەککەوتن بوون؛ ئەوان لە ناو خۆیاندا دابەشبوون و ڕێک نین، هەندێک لە سەرکردەکانیان شتێک دەڵێن و هەندێکی تریان شتێکی تەواو جیاواز، ئەوان نازانن چی دەوێت.”

ترەمپ جەنگی بازرگانی لەگەڵ ئەوروپا توندتر کردەوە و ڕایگەیاند: “من باجی گومرگیم لەسەر ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکانی یەکێتی ئەوروپا بەرز کردەوە، چونکە ئەوان پابەندی ڕێککەوتنەکانی نێوانمان نەبوون.”

سەرۆکی ئەمریکا ناڕەزایەتیی قووڵی خۆی بەرانبەر بە هەندێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەربڕی و بە ڕاشکاوی گوتی: “من لە هەڵوێستەکانی ئیسپانیا و ئیتاڵیا ڕازی نیم.” ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە پێشتر ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە مەدرید و ڕۆما ئامادە نەبوون بنکە سەربازییەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بدەنە ئەمریکا.

نوێ دەکرێتەوە

سەرچاوە

Related Posts