سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توند دەداتە تاران و رایدەگەیەنێت، هەر هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی “پڕۆژەی ئازادی”دا، بە وێرانکردنی تەواوەتی ئێران کۆتایی دێت.
دووشەممە 4ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیووز، هەڕەشەی توندی ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و گوتی: “ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر ئەو کەشتییە ئەمریکییانەی پڕۆژەی ئازادی جێبەجێ دەکەن، ئەوا ئێران لەسەر رووی زەوی دەسڕدرێتەوە.”
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، فشارەکان کاریگەرییان هەبووە و “پێموایە ئێران لە دانوستانەکانی ئاشتیدا ئێستا زۆر نەرمتر بووە،
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی ناردنی هێز و کەرەستەی سەربازی بۆ ناوچەکە بەردەوامە و گوتی: “ئێمە ئێستا چەک و تەقەمەنییەکمان هەیە کە ئاست و کوالێتییان زۆر بەرزترە لەوەی پێشتر هەمانبوو. ئێمە خاوەنی باشترین کەرەستەی سەربازین.”
ترەمپ باسی لە ئامادەیی هێزەکانی وڵاتەکەی کرد لەسەر ئاستی جیهان و گوتی: “ئێمە لە هەموو جیهاندا بنکەمان هەیە و هەموویان پڕکراون لە چەک و کەرەستەی نوێ. ئەگەر پێویست بکات، هەموو ئەو هێز و چەکانە بەکاردەهێنین و دوودڵ نابین.”
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە گەرووی هورمز گەیشتووەتە لوتکە و ئەمریکا ئۆپراسیۆنی “پڕۆژەی ئازادی” بۆ کردنەوەی رێڕەوە دەریاییەکان دەستپێکردووە.










