ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە “دەستدرێژییەکانی ئێران”، هێزەکانیان کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمزیان کردووە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بە مەترسییەکانی سەر هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکە کردووە و گوتی: ئێران بەردەوامە لە هەراسانکردنی کەشتییەکان، ئاشکراشی کرد، “ئێران تەقە لە کەشتییە بازرگانییەکان دەکات و هەوڵ دەدات بە زۆر باج و رسوومات بەسەریاندا بسەپێنێت.”
لەبارەی هەنگاوەکانی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە، وەزیرە ئەمریکییەکە تیشکی خستە سەر هەنگاوێک بە ناوی “پڕۆژەی ئازادی” و روونیکردەوە، ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە، پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکانە لە هەر هێرش و دەستدرێژییەکی ئێران.
جەختیشی کردەوە، بۆ دڵنیابوون لە تێپەڕبوونی ئارام و سەلامەتی کەشتییەکان لەو ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەدا، لە ئێستا لە ڕێگەی هێلیکۆپتەر و کەشتییەکانیانەوە، کۆنتڕۆڵی تەواویان بەسەر گەرووی هورمزدا سەپاندووە و رێگە نادەن کەشتییەکانی ئێران بپەڕنەوە.










