ئێرانجیهان

مانگە دەستکردەکانی ئیسرائیل چالاکییەکی ئەتۆمی گوماناوی لە ژێر زەوییەکانی ئێران ئاشکرا دەکەن

وێنە نوێیەکانی مانگی دەستکرد ئاماژە بە چالاکییەکی نائاسایی دەدەن لە کۆمەڵگەیەکی تونێلی ژێر زەوی لە نزیک دامەزراوەی ئەتۆمی “نەتەنز”ی ئێران، ئەمەش گومان و پرسیاری زۆری لەبارەی سروشتی ئەو کارانە دروست کردووە کە لەناو ئەو شوێنە زۆر پارێزراوەدا ئەنجام دەدرێن.

پێنجشەممە 7ـی ئایاری 2026، کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئەو وێنانەی لەلایەن پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی و نێودەوڵەتییەوە گیراون، نیشانی دەدەن کە بڕێکی زۆر خۆڵ لەبەردەم دەروازە رۆژهەڵاتییەکانی کۆمەڵگەی تونێلی ” کێوی بیکاکس” لە باشووری نەتەنز رێژراوە، ئەمەش وا لێکدەدرێتەوە کە ئەم هەنگاوە بە ئامانجی رێگریکردن بێت لە چوونە ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکان یان سنووردارکردنی دەستگەیشتنی خێرا بەو شوێنە.

بەگوێرەی وێنەکان، دەروازەی تونێلەکان لە سەرەتای مانگی نیسانی رابردوودا بە تەواوی کراوە بوون، بەڵام دواتر بەشێکیان بە خۆڵ داخراون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئێستا چوونە ژوورەوە بۆ ناو کۆمەڵگەکە پێویستی بە ئامێری قورس هەیە بۆ لابردنی خۆڵەکە.

ئەم کۆمەڵگەیە، کە بە “دامەزراوەی کێوی بیکاکس” ناسراوە، یەکێکە لە نهێنیترین شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران، تا ئێستا هیچ کام لە پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەردانی ئەو شوێنەیان نەکردووە و تاران تەنها زانیارییەکی زۆر کەمی لەبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، لە سەرەتای ئەمساڵدا کار کراوە بۆ بەهێزکردنی دەرچەی تونێلە کۆنەکان بە کۆنکرێت، ئەمەش گومانی ئەوەی دروست کردووە کە ئێران کەرەستە و ئامێری زۆر هەستیاری بۆ ناو ئەو شوێنە گواستبێتەوە.

ئەوەی جێگای سەرەنجە، ئەم شوێنە لە کاتی هێرشەکانی ساڵی رابردوو بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وەک نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان، هیچ هێرشێکی نەکرایە سەر، شارەزایان پێیان وایە ئەم دامەزراوەیە لە قووڵاییەکی زۆرتر لە دامەزراوەی “فۆردۆ” دروست کراوە، ئەمەش وادەکات بە ئاسانی نەکرێتە ئامانجی سەربازی و چاودێریکردنی لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە زۆر قورس بێت، پێدەچێت ئێران وەک شوێنێکی جێگرەوە بەکاری بهێنێت تا لە کاتی هەر هێرشێکدا بتوانێت چالاکییە ئەتۆمییەکانی تێدا بەردەوام بکات.

سەرچاوە

Related Posts