ئێرانجیهان

قەتەر بە نهێنی نێوەندگیریی واشنتن و تاران دەکات

جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی قەتەر کرد بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی دانوستان لەگەڵ ئێران. بەپێی زانیارییەکان، دۆحە لە چەند هەفتەی رابردوودا سەرپەرشتی کەناڵێکی نهێنی دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ.

هەینی 8ـی ئایاری 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، جای دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر، لە کۆشکی سپی لە کۆبوونەوەدایە. تەوەرە سەرەکیی ئەم دیدارە پرسی دانوستانە ئاڵۆزەکانی نێوان واشنتن و تارانە.

بەپێی گوتەی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بۆ ئەکسیۆس، قەتەر لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا رۆڵێکی ستراتیژی گێڕاوە لە بەڕێوەبردنی “رێڕەوێکی نێوەندگیریی نهێنی” لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.

ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانەی دۆحە بە ئامانجی دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیرە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگی ماوەی چەند مانگێکە ناوچەکەی گرتووەتەوە. کۆبوونەوەکەی ڤانس و ئال سانی وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو پێشکەوتنانەی کە لە رێگەی ئەم نێوەندگیرییەوە بەدەستهاتوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ی شوباتی رابردوو، هێرشەکانی ئێران تەواو وڵاتانی ناوچەکەی گرتبووەوە و قەتەریش یەکێکی بوو لەو وڵاتانە کە هێرشە مووشەکی درۆنییەکانی تارانی بە ئاراستەی پایتەختی ئەو وڵاتە دەڕۆیشتن.

سەرچاوە

Related Posts