ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەنگاوێکی دەگمەن و ئاشکرادا، یەکێک لە بەهێزترین ژێردەریاییە ئەتۆمییەکانی خۆی لە گەرووی جەبەل تاریق جێگیر کرد. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ترەمپ پێشنیازەکەی ئێرانی بۆ ئاشتی رەتکردەوە و هۆشدارییەکانیش لەبارەی داڕمانی بازاڕی نەوت زیادیان کردووە.
بەپێی راپۆرتە سەربازییەکان، هێزی دەریایی ئەمریکا ژێردەریایی ئەتۆمی “یو ئێس ئێس ئالاسکا” (USS Alaska) لە جۆری ئۆهایۆی لە ناوچەی “ساوس مۆوڵ” لە گەرووی جەبەل تاریق جێگیر کردووە. ئەم دەرکەوتنە ئاشکرایەی ژێردەریاییەکی هەڵگری مووشەکی بالیستی، وەک پەیامێکی “بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی” بۆ تاران لێکدەدرێتەوە.
ئەم ژێردەریاییە 20 مووشەکی بالیستی لە جۆری “ترایدێنت 2 دی 5” هەڵدەگرێت و یەکێکە لە سێ کۆڵەکە سەرەکییەکەی هێزی ئەتۆمیی ئەمریکا. جێگیرکردنی لەم ناوچە ستراتیژییەدا، کە ئۆقیانووسی ئەتڵەسی بە دەریای ناوەڕاست دەبەستێتەوە، رێگە بە ئەمریکا دەدات بە خێراییەکی زۆر مووشەکەکانی بگەیەنێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشنیازە نوێیەکەی ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەرووی هورمز بە “قبووڵنەکراو” وەسف کرد.
هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییە سەربازییەکان، ئاستەنگە ئابوورییەکان گەیشتوونەتە لوتکە. ئەمین ناسر، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای “ئارامکۆ”ی سعوودی، هۆشداری دا کە بەردەوامبوونی داخستنی گەرووی هورمز جیهان رووبەڕووی “گەورەترین شۆکی دابینکردنی وزە لە مێژوودا” دەکاتەوە.
ناسر ئاشکرای کرد کە بازاڕی جیهانی تاوەکو ئێستا یەک ملیار بەرمیل نەوتی لە کورتی داوە و ئەگەر هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە، هەفتانە 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی تر لە بازاڕەکان کەم دەبێتەوە. ن
لە کاتی جێگیرکردنی ژێردەریاییە ئەمریکییەکە لە جەبەل تاریق، هێزە دەریاییەکانی بەریتانیا و هێزی ئاسمانیی شاهانە پاراستنی توندیان بۆ دابین کردووە. ئەمە نیشانەی هەماهەنگیی تەواوی واشنتن و لەندەنە لە بەرانبەر ئێران.
ئێستا جیهان لە نێوان دوو بەرداشدایە؛ لە لایەکەوە ئەمریکا بە ناردنی ژێردەریایی ئەتۆمی و توندکردنی گەمارۆکان دەیەوێت تاران ناچار بە تەسلیمبوون بکات، لە لایەکی تریشەوە زەبەلاحەکانی نەوت هۆشداری دەدەن کە ئەم بنبەستە سیاسییە دەکرێت ئابووریی جیهان بەرەو وێرانبوون ببات. تا ئەو کاتەی گەمارۆی ئەمریکا و “داخراویی گەرووی هورمز”ی ئێران بەردەوام بن، نرخی وزە و گرژییە سەربازییەکان لە بەرزبوونەوەدا دەبن.










