سەفوان گەرگەری ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق، بە كوردستان 24ـی راگەیاند: رێگە بە پەرلەمانتاران نادرێت گەشت بۆ سعوودیە بكەن بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج تا ئەو كاتەی دەنگ بە كابینەی نوێی حكوومەت دەدرێت. گەرگەری گوتیشی تا ئێستا دیار نییە كە دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێ دەكرێت.
لە لایەی دیکەوە حەسەن مەسعودی پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی هێزە نیشتمانییەكان، بە كوردستان 24ـی راگەیاند: بە ئەگەری زۆرەوە رۆژی پێنجشەممە كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێی حكوومەت دەكرێت.
هەروەها موشرق فرێجی سەركردە لە هاوپەیمانیی ئاوەنكردنەوە و گەشەپێدانیش بۆ كوردستان 24ـی دەڵێت: رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی دەنگ بە كابینەی نوێ بدات، جێگرانی سەرۆكوەزیران و چەند وەزارەتێك دوا دەخرێن و دەنگ بە 50+1 كابینەكە دەدرێت.
بڕیارە ئەمساڵ دەیان پەرلەمانتاری عێراق گەشت بۆ سعوودیە بكەن بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، بە رۆیشتنی پەرلەمانتارەكان رێژەیی یاسایی بۆ كۆبوونەوەكە تەواو نابێت.
بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، پێویستە پێش 48 كاتژمێر كارنامەی هەر كۆبوونەوەیەک رابگەیەنرێت و پەرلەمانتاران ئاگادار بكرێنەوە.
رۆژی 27ـی نیسان، سەرۆكایەتیی كۆمار بە مەرسوومێك عەلی زەیدی بۆ پێكهێنانی حكوومەت راسپارد، بە گوێرەی دەستووریش 30 رۆژ لەبەردەم عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی راسپێرداوە، بۆ ئەوەی كابینەكەی پێشكەشی پەرلەمان بكات و بەزۆرینەی دەنگ متمانەی پێبدرێت. بە گوێرەی رۆژمێری دەستووریش 27 ئایار، دوایین رۆژە بۆ ئەوەی پەرلەمان كۆببێتەوە و دەنگ بە کابینەکە بدات.










