ئێرانجیهان

لە ئەهواز دەنگی چەندین تەقینەوە بیستران


بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، زنجیرەیەک تەقینەوەی یەک لە دوای یەک و بەهێز شاری ئەهوازیان لە باشووری رۆژئاوای ئێران هەژاند. بەپێی گوتەی شایەتحاڵەکان، تەقینەوەکان هێندە بەهێز بوون کە بوونەتە هۆی لەرینەوەی تونودی باڵەخانەکان لە زۆربەی گەڕەکەکانی شارەکەدا.

 

تەقینەوەکان لە کاژێر 04:20ـی بەرەبەیان دەستیانپێکردووە. سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن چەند بنکەیەکی سەربازی و شوێنی ستراتیژی کراونەتە ئامانج، لەوانە “پادگانی گۆڵف”، ناوچەی “چوارشیر” و “پایەگای ئەلحەدید”.

 

بەپێی زانیارییەکانی دانیشتووانی ناوچەکە، لە ماوەی پێنج خولەکدا دەنگی پێنج تەقینەوەی گەورە بیستراوە. یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکی کیانپارس بە میدیاکانی راگەیاندووە: “تەقینەوەکان زۆر ترسناک بوون، وا هەستمان کرد بوومەلەرزە بووە، هەموو شووشەی پەنجەرەکان دەلەرزین.”

 

جێگری ئەمنیی پارێزگاری خوزستان رایگەیاند، کاتژمێر 04:25ـی بەرەبەیان، چوار هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر دەوروبەری ناوچەی رۆژهەڵاتی ئەهواز و دەنگی تەقینەوەی زۆر بەهێز لە ناوچەکە بیستراوە.

 

ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوە کرد هێرشەکان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراون.

 

سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، جێگری پارێزگاری خوزستان راگەیاند: “تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان یان برینداربوون بەهۆی ئەو هێرشانەوە تۆمار نەکراوە.”

 

شایەتحاڵێک لە نزیک پادگانی گۆڵف دەڵێت: “دوای تەقینەوەکان، دووکەڵێکی زۆر لە ناوچەکە بەرزبووەوە.” هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە پێش و پاش تەقینەوەکان، دەنگی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی ئەهوازدا بیستراوە.

 

لە گەڕەکەکانی (ئەمانەییە، گوڵستان، زەیتون کارمەندی، کوروش و سپیدار) هەست بە دەنگی تەقینەوەکان کراوە. هەندێک لە دانیشتووان دەڵێن: “ئەمە بەهێزترین هێرش بووە کە لە سەرەتای گرژییەکانەوە تاوەکو ئێستا ئەهوازی کردبێتە ئامانج.”

 

هەر بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دەنگی چەندین تەقینەوە لە شاری شیرازی ئێران بیستران. 

 

 





سەرچاوە

Related Posts