سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند؛ مووشەکێکمان تێکشکاند کە لە یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستەمان کرابوو.
سوپا جەختی کردەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی کەوتووەتە کار بۆ بەرپەرچدانەوە و خستنەخوارەوەی مووشەکەکە.
هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، دوای بینینی مووشەکەکە، دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە شارەکانی (بیئر سەبع، عەسقەلان، سدێرۆت و دیمۆنا) بیستراوە، دواتر ئاماژە بەوە درا، مووشەکەکە لە ئاسماندا تێکشکێنراوە.
حووسییەکانی یەمەن کە هاوپەیمانی ئێرانن، لە چەند رۆژی رابردوودا بە شێوەیەکی کاریگەرتر هاتوونەتە نێو ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەک پشتگیرییەک بۆ تاران، چەندین مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
سەبارەت بە هێرشەکەی ئەمڕۆ، تاوەکو ئێستا حووسییەکان بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆیان لە هاوێشتنی ئەو مووشەکە رانەگەیاندووە.










