ئێرانجیهان

ترەمپ دوا مۆڵەتی 48 کاتژمێری دەداتە ئێران

سەرۆکی ئەمەریکا، لە پەیامێکدا دوا مۆڵەتی 48 کاتژمێری دایە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی بێتە سەر مێزی گفتوگۆ یان گەرووی هورمز بکاتەوە.

شەممە، 4ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “تروس” پەیامێکی هەڕەشەئامێزی توندی ئاراستەی تاران کرد و مۆڵەتە 10 رۆژییەکەی پێشووی بەبیرهێنایەوە کە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن یان کردنەوەی گەرووی هورمز بۆی دیاریی کردبوون.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: “ئایا بەبیرتان دێت کاتێک 10 رۆژ مۆڵەتم بە ئێران دا بۆ ئەوەی رێککەوتن بکات یان گەرووی هورمز بکاتەوە؟ ئێستا کات بەرەو تەواوبوون دەچێت.”

سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا هەڕەشەی لە ئێران کرد و رایگەیاند: “تەنیا 48 کاتژمێر ماوە پێش ئەوەی دەرگای دۆزەخ بەسەر تاراندا بکرێتەوە”.

ترەمپ پەیامەکەی بە دەستەواژەی “ستایش بۆ خودا”  (Glory be to GOD) کۆتایی پێهێناوە. چاودێران دەڵێن ئەم دەستەواژەیە نیشانەی جیددیبوونی واشنتنە لە جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەگەر تاران هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنێت.

سەرچاوە

Related Posts