ئاژانسی هەواڵی “میهر” و رۆژنامەی “شەرق”ی ئێرانی رۆژی سێشەممە 07-04-2026 بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا و ئیسرائیل، پەرستگەیەکی جووەکان لە تاران بە تەواوی وێران بووە.
رۆژنامەی شەرق لە هەواڵەکەیدا نووسیویەتی، “بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، پەرستگەی رافی-نیا لە هێرشەکانی ئەم بەیانییەدا بە تەواوی وێران بووە.”
رۆژنامەکە ئەم کەنیسەیەی وەک “یەکێک لە گرنگترین شوێنەکانی کۆبوونەوە و جەژنی جووەکانی خۆراسان” لە پایتەختی ئێران ناوبردووە.
ئایینی جوو یەکێکە لەو ئایینە کەمینانەی لەلایەن یاساکانی ئێرانەوە دانی پێدا نراوە. هەرچەندە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979، ژمارەیەکی زۆر لە جووەکانی ئێران وڵاتەکەیان جێهێشت، بەڵام هێشتا کەمینەیەکی جوو لەو وڵاتەدا ماون کە مەزەندە دەکرێ ژمارەیان چەند هەزار کەسێک بێت، هەرچەندە هیچ ئامارێکی فەرمیی نوێ لەو بارەیەوە نییە.
سەرەڕای ئەوەی مەزهەبی شیعە ئایینی زۆرینەیە لە ئێران، بەڵام دەستووری وڵاتەکە دانی ناوە بە ئایینەکانی وەک زەردەشتی، جوو و مەسیحی وەک کەمینە، و هەر یەکێکیان نوێنەریان لە پەرلەماندا هەیە.










