جێگری وەزیری نەوتی ئێران دەڵێ، لە 10 رۆژی داهاتوودا بەشێکی پاڵاوتگەی لاوانی وڵاتەکە، کە لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیانی بەرکەوتبوو، دەکەوێتەوە کار؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە دوو مانگدا لانیکەم 70٪ـی توانای پێشووی دەگەڕێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 12-04-2026، محەممەد سادق عەزیمیفەر، جێگری وەزیری نەوتی ئێران، سەبارەت بە زیانەکانی پاڵاوتگەی لاوانی باشووری ئێران، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دا زیانی زۆری بەرکەوتبوو، رایگەیاند هەوڵەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی پاڵاوتگەکە دەستیپێکردووە.
بەگوتەی محەممەد سادق عەزیمیفەر، لە 10 رۆژی داهاتوودا بەشێک لە پاڵاوتگەکە دووبارە دەخرێتەوە کار.
وەک جێگری وەزیری نەوتی ئێران گوتی: ”دامەزراوە زیانلێکەوتووەکانی نێو پاڵاوتگەی لاوان، لە ماوەی 2 مانگدا 70٪ بۆ 80٪ـی توانای پاڵاوتنی پێشووی خۆیان دەگەڕێننەوە”.
پاڵاوتگەی لاوان دەکەوێتە دوورگەی لاوانی سەر بە پارێزگای هورمزگانی ئێران و بەر لە جەنگ، رۆژانە توانای پاڵاوتنی 56 هەزار بەرمیل نەوتی هەبوو.
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، رۆژی چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر پاڵاوتگەکە و بەچڕی بۆردوومانی کرد.










