بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداری دەدات لە زیادبوونی خێرای تواناکانی کۆریای باکوور بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی و رایدەگەیەنێت، چالاکییەکانی ناو وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە ئاستێکی “زۆر مەترسیدار”.
چوارشەممە 15ی نیسانی 2026، رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور رایگەیاند، کۆریای باکوور گەشەکردنێکی “زۆر جیددی” لە تواناکانی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نیشان دەدات.
گرۆسی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: “لە هەڵسەنگاندنە خولییەکانماندا توانیمان ئەوە پشتڕاست بکەینەوە کە زیادبوونێکی خێرا لە کارەکانی وێستگەی ئەتۆمی یۆنگبیۆن هەیە.” ئاماژەی بەوەش کرد، ئاژانسەکە تێبینی زیادبوونی چالاکییەکانی لە وێستگەی ئاوی سووک و چەند دامەزراوەیەکی دیکە کردووە.
بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەتۆمی گوتیشی: “هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ زیادبوونی زۆر جیددی تواناکانی کۆریای باکوور لە بواری بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیدا، کە مەزەندە دەکرێت خاوەنی چەندین کڵاوەی ئەتۆمی بن.”
کۆریای باکوور کە یەکەم تاقیکردنەوەی ئەتۆمی لە ساڵی 2006 ئەنجامدا، بەهۆی بەرنامە قەدەخەکراوەکانی چەکەوە لەژێر سزایەکی توندی نێودەوڵەتیدایە. ئەو وڵاتە لە ساڵی 2009ەوە رێگەی بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نەداوە بچنە ناو خاکەکەی و رایگەیاندووە کە هەرگیز دەستبەرداری چەکە ئەتۆمییەکانی نابێت.
سەبارەت بە دەنگۆی هاوکارییەکانی رووسیا بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی پیۆنگیانگ، گرۆسی رایگەیاند کە ئاژانسەکە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی تایبەتی لەو بارەیەوە نەبینیوە، هەرچەندە چاودێران پێیان وایە کۆریای باکوور لە بەرانبەر ناردنی سەرباز و تەقەمەنی بۆ پاڵپشتی رووسیا لە جەنگی ئۆکرانیادا، هاوکاری تەکنەلۆژیای سەربازی لە مۆسکۆوە پێدەگات.










