سەتار هاشمی، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاریی ئێران دەڵێ، دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی جیهانی مافی هەموو خەڵکی ئێرانە و هەوڵ دەدەن بە زووترین کات کێشەی بڕین و خاوی ئینتەرنێت چارەسەر بکەن.
لە کاتی سەردانێکی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ وەزارەتی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئەو وڵاتە، سەتار هاشمی رەتیکردەوە کار بە “ئینتەرنێتی پۆلێنکراو” بکرێ و گوتی: “ئینتەرنێتی پۆلێنکراو (ژمارەیەک کەس بتوانن سوود لە ئینتەرنێت بۆ پەیوەندیکردن بە جیهانەوە وەربگرن و خەڵکی دیکە نەتوانن) و دەستڕاگەیشتنی سنووردار هیچ بنەمایەکی نییە. هەموو خەڵک مافی خۆیانە بە کواڵیتییەکی گونجاو دەستیان بە ئینتەرنێتی جیهانی بگات، تەنانەت ئەگەر تێبینی ئەمنیش هەبن.”
وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی پێشووی لەگەڵ عەلی لاریجانی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کرد (کە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە تاران کوژراو) و رایگەیاند، لاریجانییش لەگەڵ حکومەت هاوڕابوو کە دەبێت ئاستەنگەکانی بەردەم دەستڕاگەیشتنی گشتی بە ئینتەرنێت لاببرێن.
سەتار هاشمی سوپاسی هەوڵ و بەدواداچوونەکانی مەسعود پزیشکیانی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئینتەرنێت و گوتی: “وەزارەتی پەیوەندییەکان تەواوی هەوڵەکانی دەخاتە گەڕ تاوەکو لە زووترین کاتدا کێشەی پچڕانی ئینتەرنێت کۆتایی پێ بهێندرێ.”
ئەوە لە کاتێکدایە، کە بڕینی ئینتەرنێت لە ئێران کە لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا/ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە، ئەمڕۆ پێی ناوەتە 48ـەمین رۆژی خۆیەوە و هێشتا دیار نییە، حکومەت کەی دۆخەکە ئاسایی دەکاتەوە.
بەرپرسێکی ژووری بازرگانیی ئێرانیش دەڵێت، بڕینی ئینتەرنێت رۆژانە لەنێوان 100 تاوەکو 120 ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووریی ئەو وڵاتە دەگەیێنیت.
ئەفشین کولاهی، سەرۆکی لیژنەی کۆمپانیا تازە دامەزراوەکان لە ژووری بازرگانیی ئێران رایگەیاند: “بەپێی خەمڵاندنەکان، زیانی راستەوخۆی بڕینی ئینتەرنێت لە ئێران لەنێوان 30 ملیۆن تاوەکو 40 ملیۆن دۆلارە لە رۆژێکدا. زیانە ناڕاستەوخۆکانیشی نزیکەی 70 ملیۆن تاوەکو 80 ملیۆن دۆلارە لە رۆژێکدا.”










