ئێرانجیهان

گەرووی هورمز بە هەمیشەیی دەکەمەوە و چین چیتر چەک نانێرێت بۆ ئێران

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا رایگەیاند، بڕیاریداوە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی هەمیشەیی بە رووی کەشتیوانیدا بکاتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە لە بەرژەوەندی چین و هەموو جیهاندایە.

چوارشەممە 15ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا کە لە پلاتفۆرمی کۆمەڵایەتی ( تروس سوشیال ) بڵاویدکردووەتەوە، رایگەیاندووە، چین رازی بووە بەوەی چیتر هیچ جۆرە چەکێک بۆ ئێران رەوانە نەکات، گوتیشی: “چین زۆر دڵخۆشە کە من گەرووی هورمز بە هەمیشەیی دەکەمەوە، ئەمە بۆ ئەوان و بۆ هەموو جیهانیش دەکەم”.

لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی چین زۆر باشە و بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا سەردانی ئەو وڵاتە بکات، ترەمپ بە شێوازە تایبەتەکەی خۆی گوتویەتی: “کاتێک دەگەمە ئەوێ، سەرۆک شی جینپینگ باوەشێکی گەرمم پیا دەکات، ئێمە زۆر بە زیرەکانە پێکەوە کار دەکەین”.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا،  ترەمپ جەختی کردەوە، کارکردنی هاوبەش زۆر باشترە لە شەڕکردن، هاوکات هۆشدارییەکی توندیشی دا و رایگەیاند: “لە یاد تان بێت، ئەگەر ناچار بین، ئێمە لە شەڕکردندا زۆر لێهاتووین و لە هەموو کەسێکی دیکە باشترین”.

ئەم راگەیاندنەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەیەکی روونە بۆ کەمبوونەوەی گرژییەکان لە ناوچەی کەنداو و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی نوێ لە نێوان ئەمریکا و چین سەبارەت بە پرسی ئێران و ئاسایشی وزە لە جیهاندا.

سەرچاوە

Related Posts