ئێرانجیهان

ئێران چووینەتە قۆناخێکی نوێ و هەستیارتر

محەممەد خاتەمی سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران: دانوستان بە جۆرێکی دیکەی بەرگری

محەممەد خاتەمی سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، دانوستان بە جۆرێکی دیکەی بەرگریی ناو دەبات؛ بەمەش هەڵوێستی خۆی زیاتر رووە و دانوستان روون دەکاتەوە و دەڵێت ” دەبێت هەموومان لە سەرخستنی دانوستانەکان هاوکار بین”.

سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دەستەی راوێژکارەکانیدا باسی لە قۆناخی نوێی بەردەم وڵاتەکەی کرد و ئاماژەیداوە، “ئێران بە هێز و بازووی گەلە تێگەیشتوو و فیداکارەکەیەوە، توانیویەتی پلانگێڕی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سیاسی، سەربەخۆیی، یەکپارچەیی خاک و شارستانییەتە مێژووییەکەی تێکبشکێنێت و لە پێگەیەکی پڕ لە شکۆدا بمێنێتەوە، بۆیە سەرەڕای سەختییەکان، بەڵام گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام، ئەستەم نییە.”

بە گوێرەی ماڵپەڕی جەمارانی ئێران، محەممەد خاتەمی لەو کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ راوێژکارەکانیدا، ئاماژەی بە پێویستی سەرنجدانی لێکەوتە و داهاتووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لەگەڵ دۆخی ئێستای ئاگربەست و راوەستانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی وڵاتەکەی کرد و گوتی ” لە 40 رۆژی جەنگدا هێرشی چڕی دەستدرێژکارانی ئیسرائیلی و ئەمریکی بۆ سەر سەرچاوە مرۆیی، سەربازی، ئابووری و زانستییەکانی وڵات، بە شکۆمەندییەوە چووە ناو قۆناخی ئاگربەست، ئێستا رەهەندێکی نوێی جیهانی، ناوچەیی و نیشتمانیی وەرگرتووە”. 

خاتەمی دەڵێت “ناکرێت ئەم دۆخە بە هەمان گریمانە و چوارچێوە بیرکردنەوەکانی پێشوو لێک بدرێتەوە، بەڵکو دەبێت هەڵوێستی راست و کاریگەری لەبەرانبەردا وەربگیرێت.”

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، هەڵوێستی خۆی زیاتر لەبارەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا روونکردووە و ئاماژەیداوە “ئاشتیی بەردەوام رووەکەی دیکەی بەرگرییەکی قارەمانانە و گشتگیرە، کە ئاڵۆزی و سەختییەکانی بەدیهێنانی لە ئاڵۆزی و سەختییەکانی مەیدانی جەنگی سەربازی زیاترە؛ ئاشتی بابەتێکە لە نەبوونی جەنگ گەورەترە؛ پێویستی بە گفتوگۆی راستەقینە، دانوستاندنی لۆژیک و رێککەوتنی ژیرانە هەیە و دەبێت لایەنە جیاوازەکان لەخۆ بگرێت، لەوانە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی”. 

گوتیشی “خۆشبەختانە دامەزراوە یاسایییەکانی وڵات و حکوومەتیش لەم قۆناخەدا هەنگاوی باشیان دەستپێکردووە و بەگوێرەی پێویست دانوستانیان کردووە، بۆیە دەبێت هەمووان هاوکاریی سەرکەوتنی ئەم هەنگاوانە بکەین.”

خاتەمی دەڵێت “ئەم جەنگە سەپێندراو و نادادپەروەرانەیە ئاشکرای کرد، دۆست و دوژمنە راستەقینەکانی ئاشتی کێن و لە کردەوەدا پشت بە چ بنەما و پێوەرێک دەبەستن. لەوانە پاپ لیۆی چواردەیەم، راشکاوانە بەرگری لە ئاشتی کرد و رەخنەی لە شەڕخوازان گرت، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا بە لەخۆباییبوونەوە سووکایەتی پێکرد و هەڕەشەی لێکرد”.

خاتەمی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی “ئێران چووەتە قۆناخێکی نوێ و هەستیارتر، بۆیە دەبێت بەدوور لە هەڵچوونی کاتی، سەرکەوتنە سەربازی و سیاسییەکان دانبەخۆ دابگرین و بەرەو داهاتوویەک بڕۆین کە هەموو خەڵک بە کەرامەتەوە بەشداریی بنیاتنانەوەی وڵات بکەن.”

دوای هێرشی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی ئەمساڵ بۆ سەر ئێران کوشتنی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئێران و ژمارەیەکی لەسەرکردە سەربازی و سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها دوای 40 رۆژ جەنگ، دواجار رۆژی 8ـی نیسان بە نێوەندگیریی پاکستان هەردوو وڵات گەیشتنە ئاگربەستێکی کاتی. 

هەروەها لە 11 و 12ـی ئەم مانگە، گەڕی یەکەمی دانوستانەکان لە ئیسلامئاباد بە بەشداریی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەڕێوە چوو، بەڵام بەبێ هیچ رێککەوتن کۆتایی هات.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستهێنانی گەڕی یەکەم دانوستانەکان، ناکۆکییەکانی هەردوو وڵاتە لەبارەی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و داخستنی گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە.

سەرچاوە

Related Posts