پەیمانگای دەریایی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری “یو ئێس ئێس جێرالد فۆرد” کە ئێستا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیرکراوە بۆ پشتگیریکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران، ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد و بوو بە خاوەنی درێژترین ماوەی مانەوە لە ئەرکدا لە دوای جەنگی ڤێتنامەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی ئەو پەیمانگایە کە چاودێری جووڵەی کەشتییە جەنگییەکان دەکات، تا رۆژی چوارشەممە، “جێرالد فۆرد” 295 رۆژی لە دۆخی ئەرک و بڵاوەپێکردندا بەسەر بردووە. بەمەش پێش کەشتیی “یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن” کەوت کە لە ساڵانی 2019 و 2020 بۆ ماوەی 294 رۆژ لە ئەرکدا بوو.
کەشتیی جێرالد فۆرد لە حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە بەندەری “نۆرفۆلک”ی لە ویلایەتی ڤێرجینیا جێهێشتووە. بەهۆی هەڵکشانی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ئێستا دوو جار ماوەی مانەوەی لە ناوچەکەدا درێژکراوەتەوە. تیم کەین، سیناتۆری دیموکراتەکان رایگەیاندووە؛ پێشبینی دەکرێت کەشتییەکە لە مانگی ئایاری داهاتوودا بگەڕێتەوە بنکە سەرەکییەکەی خۆی.
ئەم هەڵگرەی فڕۆکەیە پێشتر لە دەریای کارایبی بووە بۆ پشتگیریکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمریکییەی کە لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوو بووە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا. دوای ئەوە رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا بۆ بەشداری لە هێرشە سەربازییەکانی سەر ئێران.
لە میانی ئەرکەکەیدا، رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە بەشی شۆرینی جلوبەرگی ناو کەشتییەکە روویدا. هەرچەندە ئاگرەکە پەیوەندی بە کردەوە جەنگییەکانەوە نەبوو، بەڵام بووە هۆی بێبەشبوونی 600 دەریاوان لە شوێنی خەوتن، ئەمەش وایکرد کەشتییەکە بۆ چاککردنەوە روو لە دەریای ناوەڕاست بکاتەوە.
هێزی دەریایی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، کەشتییەکە چاکسازییە پێویستەکانی بۆ کراوە و گەڕاوەتەوە بۆ ناو ئۆپەراسیۆنی “داستانی توڕەیی” (Epic Fury) – کە ناوێکی کۆدکراوی واشنتنە بۆ جەنگ دژی ئێران. ئێستا کەشتییەکە لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ جێبەجێکردنی هەر ئەرکێکی سەربازی کە رووبەڕووی دەکرێتەوە.










