موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی رێبەری نوێی ئێران (موجتەبا خامنەیی)، هۆشدارییەکی تووندی دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رایگەیاند، ئەگەر واشنتن بەردەوام بێت لە گەمارۆدانی تەنگەی هورمز، کەشتییە جەنگییەکانیان ژێرئاو دەخەن.
رەزایی کە بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی دەرکەوت، رەخنەی تووندی لە دۆناڵد ترەمپ گرت و گوتی: “بەڕێز ترەمپ دەیەوێت ببێتە پۆلیسی تەنگەی هورمز. ئایا ئەمە بە راستی ئەرکی سوپایەکی بەهێزی وەک ئەمریکایە؟” رەزایی هۆشداری دا، کەشتییە ئەمریکییەکان لە ژێر مەترسیی راستەوخۆی مووشەکەکانی ئێراندایە و گوتی: “ئەم کەشتییانەتان بە یەکەمین مووشەکمان ژێرئاو دەخرێن.”
فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، کە بە یەکێک لە کەسایەتییە تووندڕەوەکانی ئێران دەناسرێت، گوتی “زۆر نایاب دەبێت” ئەگەر ئەمریکا هێرشی وشکانی بکاتە سەر ئێران. رەزایی گوتی: “ئەو کاتە هەزاران سەربازیان بە بارمتە دەگرین و بۆ ئازادکردنی هەر یەکێکیان، داوای ملیارێک دۆلار دەکەین.”
سەبارەت بەو ئاگربەستە 14 رۆژییەی کە ئێستا لە نێوان واشنتن و تاراندا هەیە، موحسین رەزایی گوتی: “من بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ درێژکردنەوەی ئاگربەست نیم و ئەمە بۆچوونی کەسیی خۆمە.”
رەزایی کەسایەتییەکی دێرینی ناو کۆماری ئیسلامییە و لە ساڵانی 1981 بۆ 1997 فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران بووە. مانگی رابردوو لە لایەن موجتەبا خامنەییەوە وەک راوێژکاری سەربازی دەستنیشان کرا.










