ئێرانجیهان

ناتانیاھۆ چاوی لە دابڕاندنی بەشێکی باشووری لوبنانە

بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد لە ژێر ناوی “ناوچەی ئەمنی” بەشێک لە باشووری دابڕێنێت، هاوکات دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیەنێت، دوای 34 ساڵ گفتوگۆی راستەوخۆ لەنێوان سەرکردەکانی ئیسرائیل و لوبنان ئەنجام دەدرێت.

نووسینگەی بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل درەنگانی شەوی چوارشەممە رایگەیاند، ناتانیاھۆ فەرمانی بە سوپا کردووە ناوچەی ئەمنی لە باشووری لوبنان فراوان بکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە شەڕ و پێکدادانەکان لەگەڵ حیزبوڵڵا بەردەوامن.

هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست بەردەوامن. رۆژی سێشەممە، بۆ یەکەمجار لە دوای چەندین دەیەی رابردوو، نوێنەرانی ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتن گفتوگۆی سیاسیی راستەوخۆیان ئەنجام دا. ناتانیاھۆ دەڵێت ئامانجی ئەم گفتوگۆیانە “داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا و بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوامە”.

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە سۆشیاڵ میدیای “تروس سۆشیاڵ” رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە گفتوگۆ لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان بەڕێوە دەچێت. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد: “هەوڵ دەدەین فەزایەک بۆ هەناسەدان لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان دروست بکەین”. هەروەها وتیشی: “ماوەیەکی زۆرە، نزیکەی 34 ساڵە سەرکردەکانی هەردوو وڵات قسەیان نەکردووە، ئەوەش رۆژی پێنجشەممە روو دەدات”.

ناتانیاھۆ ئاشکرای کردووە کە ناوچە ئەمنییەکە بەرەو رۆژهەڵات و بناری چیای شێخ فراوان دەکرێت، بە ئامانجی پاراستن و پشتیوانیکردنی کۆمەڵگە دروزەکانی ئەو ناوچەیە کە وەک لایەنی نزیک لە ئیسرائیل هەژمار دەکرێن. ئەم زنجیرە چیایە بە درێژایی سنووری سووریا و لوبنان هەڵکەوتووە و دەگاتە بەرزاییەکانی جۆلان.

ئەمە لەکاتێکدایە، حکوومەتی لوبنان کە دەڵێت لایەن نییە لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، داوای راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری وڵاتەکەی دەکات.

سەرچاوە

Related Posts