ئێرانجیهان

گەرووی هورمز بووەتە مەیدانێکی دیکەی تاقیکردنەوەی ململانێکان

سەرکەوتن بەسەر گەمارۆی دەریایی پەیوەستە بە بەرگە گرتنی زیانە گیانی و ئابوورییەکان

گۆڤارێکی ئەمریکی راپۆرتێکی لە بارەی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێران و گەرووی هورمز بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، بڕیارەکە ئەو رێڕەوە ئاوییەی کردووەتە مەیدانێکی دیکەی تاقیکردنەوە لە ململانێکاندا، سەرکەوتنەکەشی بەستراوەتەوە، هەر وڵاتێک و سەرکردەکانیان تا چەندە بەرگەی زیانی گیانی و گورزی ئابووری دەگرن، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو کارێک دەکات، لە پێناو مانەوە.

گۆڤاری The Atlantic ـی ئەمریکی راپۆرتێکی بە ناونیشانی ” جەنگی گەمارۆکان، رەنگە ئەمریکییەکان بەرگەی ئەو ئازارە ئابووری و زیانە سەربازییانە نەگرن، کە لەبەردەمیانە”، لە بارەی گەمارۆدانی گەرووی هورمز و لێکەوتە نەرێنییەکانی بڕیارەکە بڵاوکردووەتەوە. 

لە راپۆرتەکەدا هاتووە “گەمارۆدانی گەرووی هورمز لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە، ئەم رێڕەوە ئاوییەی کردووەتە مەیدانێکی دیکەی تاقیکردنەوە لە ململانێی ئیرادەکاندا. پرسەکە ئەوە نییە کە ئایا ئێران یان ویلایەتە یەکگرتووەکان کامەیان خاوەنی هێزێکی دەریایی بەهێزترن، بەڵکو پرسەکە ئەوەیە کام وڵات دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژتر بەرگەی گورزە ئابووری و زیانە سەربازییەکان بگرێت”.

گەمارۆیی دەریایی و جەنگێکی بێ ئەنجام

هەروەها ئاماژەیداوە “ئەمریکا خۆی خستووەتە نێو جەنگێک بێ ئەنجام، کە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا پشتیوانێکی ئەوتۆی نییە، لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ مانەوە دەجەنگێت”.

“لە سەرەتای جەنگەکەوە، تاران رێگەی بەو کەشتییانە داوە کە خۆی هەڵیبژاردوون و سەرانە (باج)ـی تا لە گەرووەکە تێپەڕن. بەمەش توانیویەتی بەردەوام بێت لە فرۆشتنی نەوتەکەی بە نرخێکی بەرز و لە هەمانکاتدا قازانج لە باجی تێپەڕبوونی کەشتی وڵاتان بە دەست بهێنێت. ئێستا ئێران مەرجی داناوە کە هەر کەشتییەک بیەوێت لە گەرووەکە تێپەڕێت، دەبێت لە رێڕەوە ئاسایییەکان لابدات و بچێتە نزیك دوورگەی قیشمی ئێران، تاوەکو لەلایەن هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە بپشکنرێت، لەم بەرامبەردا، ویلایەتە یەکگرتووەکان گەمارۆیەکی پێچەوانەی دەستپێکردووە و مەرجی داناوە، کە رێگەی تێپەڕبوون بە هیچ کەشتییەک نادرێت، ئەگەر باجی بە ئێران بدات”. 

جووڵەی دەریایی لەنێوان بەرداشی ئێران و ئەمریکا دا

بە گوێرەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، هیچ کەشتییەک بۆی نییە هەرێمی ئاوی دەرباز بکات و بچێت لە هیچ یەکێک لە بەندەرەکانی ئێران لەنگەر بگرێت، بە هەمانشێوە، هیچ کەشتییەکیش رێگەی پێ نادرێت لە بەندەرەکانی ئێرانەوە بەرە و هەرێمە ئاویی و وڵاتانی دیکە جووڵە بکات؛ ئەمەش جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکانی لە کەنداو و کەنداوی عومان خستووەتە بەردەم چارنووسێکی نادیار، هەر کەشتییەک بۆ تێپەڕبوون و پشکینین بچێتە سنووری ئاوی ئێران، لەلایەن هێزی ئەمریکاوە دەستیبەسەردا دەگیرێت، بە پێچەوانەشەوە هەر کەشتییەک بەبێ رەزامەندی ئێران هەوڵی دەربازبوون بدات، لەلایەن هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە دەکرێتە ئامانج؛ هەروا مەزندە دەکرێت، ئێران مینی دەریایی لەو رێڕەوانەدا بڵاوکردبێتەوە کە زۆرتر لەلایەن کەشتییەکانەوە بۆ تێپەڕبوون بەکار دەهێنرێت.

سەرباز و ئابووری ئەمریکا لە بەرانبەر گولـلەی هێزەکانی ئێران و تۆڵەی وڵاتان دا

بە گوێرەی راپۆرتی گۆمارە ئەمریکییەکە، جێبەجێکردنی گەمارۆکە بۆ ئەمریکا لە رووی دیپلۆماسییەوە ئاڵۆز و پڕمەترسی دەبێت. نموونەی بەوە هێناوەتەوە، رەنگە ئەمریکا ناچار بێت بڕیار بدات، ئایا کەشتییەکی چینی یان کەشتییەک کە لەلایەن هێزە دەریایییەکانی چین، پاکستان یان هیندستانەوە پاسەوانی دەکرێت، رابگرێت یان نە. ئەگەر ئەمریکا دەست بە سەر هەر کەشتییەکی ئەو وڵاتانەدا بگرێت، رەنگە چین یان وڵاتەکانی دیکە بە شێوازێک یان رێگەیەکی ئابووری تۆڵە بکەنەوە، لەوانە سەپاندنی باجی گومرگی یان پێدان و پشتیوانی سەربازی و ئابووریی بە ئێران.

هەروەها جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە سەربازانی ئەمریکاش دەخاتە مەترسییەوە. تیمەکانی پشکنین و دەستبەسەرداگرتن (VBSS) ئەرکی پشکنینی کەشتییەکانیان پێسپێردراوە. ئەوان بەلەمی بچووک و خێرا بەکاردەهێنن کە لە کەشتییە گەورەکان نزیک ببنەوە. ئەو کەشتییانەی دەپشکنرێن دەبێت بە تەواوی بوەستێنرێن، بەڵام هەندێک کەشتی کە هەوڵی شکاندنی گەمارۆکە دەدەن، رەنگە رەتی بکەنەوە بوەستن. ئەو کاتە دەبێت هێزی دەریایی ئەمریکا بڕیار بدات ئایا بە زەبری هێز و بەرەنگاربوونەوە کەشتییەکە لەکار بخات یان چ رێکارێکی دیکە بگرێتەبەر..

بە پێچەوانەوە، رەنگە هەندێک لە کەشتییەکان بە نزیکبوونەوە لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران، هەوڵ بدەن خۆیان لە دەستبەسەرکردن بپارێزن؛ ئەمەش وا دەکات کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا و هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتیانە، هێزەکانی ئەمریکا بخاتە بەر دەستڕێژی گولـلەی سوپای پاسداران. 

هێزی دەریایی ئێران هێشتا مەترسییە

زە ئەتلەنتیک لە درێژەی راپۆرتەکەیدا ئاماژەیداوە، بەگوێرەی راپۆرتەکان، هێزی دەریایی ئێران هێشتا خاوەنی ژمارەیەکی زۆری بەلەمی بچووک و خێرای سەربازین و دەتوانن بە کۆمەڵ هێرش بکەنە سەر ئەو کەشتی و بەلەمانەی هێزەی دەریایی ئەمریکا کە لە کەناراوەکانی وڵاتەکەیان نزیک دەبنەوە. بەمەش ئێرانییەکان دەتوانن مەترسییەک گەورە بن بۆ تیمەکانی ئەمریکا و رەوتی پشکنین بۆ بەرەنگاربوونەوە و شەڕە تەقەیەکی توند بگۆڕن.

بۆ پاککردنەوەی رێڕەی ئاوی و کردنەوەی رێگەیەکی پارێزراو، هێزی دەریایی ئەمریکا بەڵێنیداوە ئەو مینانەی هێزی دەریایی ئێران لە گەرووەکەدا بڵاویان کردووەتەوە، پووچەڵیان بکاتەوە، بەڵام ئەمە پرۆسەیەکی زۆر خاوە و پێویستی بەوەیە تیمەکان بە بەلەمی بچووک و درۆنی ژێر ئاو بەدوای مینەکاندا بگەڕێن، پاشان مەلەوانەکان لەکاریان بخەن، هەربۆەی ئەگەری هەیە تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی مینەکان زیاتر لە تیمەکانی پشکنین مەترسیی هێرشیان لەسەر بێت.

کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا دەبێت وریاتر بن

ئەو کەشتییە جەنگییانەی ئەمریکا کە ئەم ئەرکانە جێبەجێ دەکەن، دەبێت زۆر وریاتر بن لە زیاتر لە پێشوو لە خاکی ئێران نزیک ببنەوە، بەڵام ئێران درۆنی دەریایی هەیە کە دەتوانێت زیانی گەورە بە کەشتییە جەنگییەکان بگەیێنێت، وەک چۆن ئۆکرانیا چەندینجار ئەنجامی داوە. بۆیە باشترین بەرگریی دژی بەلەمە خێراکان و درۆنەکانی ئێران هێزی ئاسمانییە، بەڵام بە گوێرەی راپۆرتەکان، چین مووشەکی پێشکەوتووی دژە فڕۆکەی داوەتە ئێران. بەمەش دەتوانێت کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا کە بەهاکەی بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە، لە کار بخات، ئەمانە مەترسییەکانن. دەبێت ئەم مەترسییانە بەراببەر بە نادیاریی دەستکەوتەکانی گەمارۆکە لەبەرچاو بگیرێن. 

ئێران چەندین دەیەیە لێهاتوویی خۆی لە دەربازبوون لە سزا و گەمارۆکاندا سەلماندووە و بێگومان هەوڵ دەدات لە رێگەی وشکانی، ئاسمانی و تەنانەت بۆرییەکانی پاکستانەوە وزە و کەلوپەل بگوازێتەوە. رەنگە ئاڵای وڵاتانی دیکە بەکاربهێنن یان بەکارهێنانی بەلەمی بچووکی زیاد بکەن کە راوکردنیان زۆر ئەستەمە.

کاریگەری گەمارۆی دەریایی لە ناوخۆی ئێران یان ئاستی جیهانی زیاتر دەبێت

ئێران گوێ بە هیچ لێکەوتەیەکی ناوخۆیی نادات، تەنیا ئامانجی مانەوەیە

سەرەڕای هەموو ئەم بەربەستانە، گەمارۆدانەکە لە بڕینی داهاتی نەوتی ئێران سەرکەوتوو بێت، ئەوا ئەمریکا و ئێران خۆیان لە کێبڕکێیەکی توندی کاتدا دەبیننەوە. ئێران بە ئابوورییەکی لەرزۆکەوە چووەتە ناو جەنگەکە. داهاتی نەوت 9%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکە پێکدەهێنێت. هاوکات کۆی هەناردەی ئێران لە رێگەی گەرووەکەوە رۆژانە 435 ملیۆن دۆلارە. بەڵام دیار نییە گەمارۆیەکی درێژخایەن و سەرکەوتوو، چەندە دەبێتە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە، تەنیا لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا. بەڵام روونە لە هەمانکاتدا لە ئاستی جیهاندا، نرخی سووتەمەنی، خۆراک و دەرمان بەرز دەکاتەوە. 

ترەمپ بەردەوام ئاماژە بەوە دەکات کۆتایی جەنگ نزیکە، بەڵام ئەم لێدوانانە ناتوانن بۆ تاهەتایە کاریگەرییەکانی نەمانی 20%ی نەوتی جیهان لە بازاڕدا دوابخەن، لە کاتێکدا شەقام و رای گشتیی ئەمریکا بە تەواوەتی پاڵپشتیی جەنگی ئێران نەکات، ناوبانگی ترەمپ بەراورد بە پێش هەڵبژاردن، پاشەکشەی کردووە. 

چۆنیەتیی کۆتاییهاتنی گەمارۆکە بەوەوە بەستراوەتەوە کە هەر وڵاتێک و سەرکردەکانیان تا چەندە بەرگەی زیانی گیانی و گورزی ئابووری دەگرن. بۆیە لەم ململانێیەدا، ئێران کە سیستەمێکی نا دیموکراسی بەڕێوەی دەبات، گوێ بە هیچ لێکەوتەیەکی ناوخۆی وڵاتەکە نادات، ئامادەیە هەر بڕیار و کارێکی پێویست بکات، تەنیا بۆ ئەوەی لەسەر پێ بمێنێتەوە.

سەرچاوە

Related Posts