سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی “وێرانکەر” لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و رادەگەیێنێت، لەگەڵ هێزەکانی ئەرتەشی وڵاتەکەیان لەوپەڕی ئامادەییدان و “پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەیە” بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل.
ئەمڕۆ هەینی 17ی نیسانی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران بەبۆنەی رۆژی نیشتمانیی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، هێزەکانی ئەرتەش و سوپای پاسداران بە یەکگرتوویی و هەماهەنگیی تەواو و بە پەیڕەوکردن لە فەرمانەکانی موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە، ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکن.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە بەردەوامیی دۆخی جەنگ لە ناوچەکە دراوە و هۆشداری دەدرێتە ئەمریکا و ئیسرائیل. سوپای پاسداران دەڵێت، هێزەکانیان ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەیەکی “بەهێز، وێرانکەر و پەشیمانکەرەوە” بۆ هەر جۆرە دەستدرێژییەک دژی گەل و خاکی ئێران.
سوپای پاسداران دەڵێت هاوئاهەنگی نێوان هێزی زەوینیی ئەرتەش و پاسداران، هەموو سیناریۆیەکی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەکانی ئێران لە کەنداوی فارس پووچەڵ کردووەتەوە و دەڵێت: “هەر کردەوەیەکی گەمژانەی دووژمن، بە گورزێکی کوژەر و زللەیەکی تووند وەڵام دەدرێتەوە کە ئەنجامەکەی تەنیا شکستی ستراتیجی دەبێت بۆیان.”
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر کەشتیی جەنگیی دێنای ئێرانی لە دەریای هیند کراوە و بە پێشێلکردنی رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کراوە. سوپای پاسداران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات و دەڵێت: “یەکە دەریاییەکانمان لە کەمیندان بۆ راوکردنی کەشتییە ئەمریکییەکان؛ بێگومان لە کۆتاییدا تۆڵەیەکی سەختی خوێنی شەهیدانی کەشتیی دێنا دەکەینەوە.”
لە 4ی ئاداری 2026، کەشتیی جەنگیی ”دێنا”ـی ئێران لە ئەنجامی هێرشێکی ئەمریکادا لە کەناراوەکانی سریلانکا کرایە ئامانج و بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی ئەرتەشی ئێران، لە هێرشەکەدا 104 ئەندامی ئەرتەش کوژراون و 32 کەسی دیکەش برینداربوون.
لە 28ی شوباتی 2026ـەوە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و ئێرانیش هەرزوو بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە. بەرەبەیانی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026 ئاگربەستێکی دووهەفتەیی لەنێوان لایەنەکان راگەیێندرا.










