جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، کە زیانێکی زۆری بە کەرتی وزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیاندووە، رێژەی %86ـی زیانەکان بە دامەزراوەکانی نەوت و گاز کەوتووە و تێچووەکانی نۆژەنکردنەوەی ئەو کەرتە بە 46 ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت.
بەگوێرەی دوا خەملاندنی کۆمپانیای لێکۆڵینەوەی “رایستاد ئینێرجی”، کە بنکەی سەرەکی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە، بەهۆی جەنگی دژ بە ئێران و شەڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو زیانانەی بەر کەوتی وزەی ناوچەکە گەیشتووە بە 58 ملیار دۆلاری ئەمریکی مەزندە دەکرێ، کە دامەزراوەکانی نەوت، گاز، وێستگەکانی کار و سەرچاوەکانی دیکەی وزە دەگرێتەوە، لە نێویاندا زۆرترین زیان کە بە نزیکەی 50 ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت، بە دامەزراوەکانی نەوت و گاز کەوتووە.
دوا راپۆرتی خەملاندنی زیانەکانی کۆمپانیا نەرویجییە بۆ کەرتی وزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەراورد بە سێ هەفتە لەمەوبەر بە رێژی %132 زیادی کردووە، بەو پێیەی ئەو کات بڵاویکردبووەوە، زیانە ماددییەکانی کەرتی وزە بەراورد بە سەرەتای جەنگ بە 25 ملیار دۆلاری خەملاند بوو، بەڵام ئێستا لە دوا راپۆرتدا زیانەکانی بە 58 ملیار دۆلار دیاری کردووە.
هەروەها ئاماژەیداوە، خەملاندنی زیانەکان لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکوو 8ی نیسانە، تا تەو کاتەی ئاگربەستی جەنگ لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا راگەیەندراوە.
کاران ساتوانی، شیکەرەوەی باڵا لە رایستاد دەڵێت”کارەکانی نۆژەنکردنەوە توانای بەرهەمهێنانی نوێ دروست ناکەن، بەڵکو تواناکانی ئێستا بەرەو ئاراستەیەکی دیکە دەبەن، ئەو گۆڕانکارییەش لە دواکەوتنی پرۆژەکان و بەرزبوونەوەی قەبارەی هەڵاوسان لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەستی پێ دەکرێت.”
ساتوانی دەڵێت “بڕی 58 ملیار دۆلار تەنیا ناونیشانی هەواڵەکەیە، بەڵام کاریگەرییە لاوەکییەکانی لەسەر خشتەی کاتی وەبەرهێنانی وزە لە ئاستی جیهاندا رەنگە بە هەمان شێوە گرنگ و کاریگەربن.”
نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەکانی وزە 46 ملیار دۆلاری تێدەچێت
هەر بە گوێرەی راپۆرتی خەملاندنی زیانەکان، کە کۆمپانیا نەرویجییەکە ئاماژەی پێکردووە، تێکڕای تێچووی نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەکانی وزە، نزیکەی 46 ملیار دۆلاری تێدەچێت، کە پشکی شێر بەر دامەزراوەکانی پاڵاوتن و پێترۆکیمیاوی دەکەوێت، ئەوەش بەهۆی ئاڵۆزیی پڕۆسەکە و قەبارەی زیانەکانیان.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، زیانەکانی کەرتی پیشەسازی، کارەبا و پاڵاوتە و شیرینکردنی ئاوی دەریا، رەنگە 3 تا 8 ملیار دۆلار تێچووی چاککردنەوەکەی بێت، هەڵبەت ماوە و تێچووی چاککردنەوە و بەگەڕخستنەوەی دامەزراوەکان بۆ کار و بەرهەمهێنان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێت؛ ئەمەش جیاوازیی توانای ناوخۆیی لە جێبەجێکردن و دەستڕاگەیشتن بە زنجیرەکانی دابینکردن نیشان دەدات.
زیانەکانی کەرتی وزەی ئێران بە 19 ملیار دۆلاری ئەمریکی مەزندە دەکرێت
ئێران زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و تێچووی نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەکانی دەگاتە 19 ملیار دۆلاری ئەمریکی، کە کاریگەری کردووەتە سەر پرۆسەکانی بەرهەمهێنانی گاز، پاڵاوتن و ژێرخانی هەناردەکردن.
زیانەکانی کەرتی وزە و پیشەسازی قەتەر زیاتر و لە رووی تەکنیکییەوە ئاڵۆزترن، بە تایبەت لە ناوچەی پیشەسازیی “رەئس لافان”، کە رەنگە کارەکانی نۆژەنکردنەوە هاوکات بن لەگەڵ پڕۆژە بەردەوامەکانی فراوانکردنی گازی سروشتی (LPG).
کەرتی نیشتەجێ دووەم کەرتە زۆرترین زیانی پێگەیشتووە
هەر بە گوێرەی راپۆرتی کۆمپانیای رایستاد، لە دوای کەرتی وزە، زۆرترین خەرجییەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی کەرتی بیناسازی دەبێت، کە بەهۆی هێرشەکانەوە زیانێکی زۆر بە خانوو و باڵەخانەکان کەوتووە، بۆ ئەمەش پرۆسەی دابینکردنی کەلوپەلە سەرەکییەکان، خشتەی کاتی نۆژەنکردنەوە و بنیادنانەوەی شوێنەکان دیاری دەکات، بۆیە دابینکردنی کەلوپەل و دەستی کاری شارەزا، بە گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردەم پڕۆسەکەدا دەبینرێت.
هێزی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی 2026 هێرشی هاوبەشیان کردە سەر ئێران و دوای 39 رۆژ لە جەنگ، دواجار لە 8ی ئەم مانگە ئاگربەستێکی کاتی دوو هەفتەییان راگەیاند و بۆ رێککەوتن 11ی ئەم مانگە بە نێوەندگیری پاکستان لە ئیسلامئابادی پایتەختی وڵاتی نێوەندگیر شاندی ئێران و ئەمریکا کۆبوونەوە.










