سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە گەرووی هورمز بەڕووی بازرگانیی جیهانیدا بەتەواوی کراوەیە، بەڵام جەختی کردەوە کە گەمارۆ دەریاییەکان تەنیا لەسەر ئێران بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی رێککەوتنی کۆتایی 100% واژۆ دەکرێت.
هەینی 17ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە نوێترین پەیامیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “تروس”، دواین پێشهاتەکانی تایبەت بە گەرووی هورمز و گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانی ئاشکرا کرد.
ترەمپ رایگەیاند، گەرووی هورمز ئێستا بەتەواوی کراوەیە و ئامادەیە بۆ بازرگانی و تێپەڕبوونی گشتگیری کەشتییەکان. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانەوە هاتوچۆی دەریایی لەو ناوچە هەستیارەدا پەکیکەوتووە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە سەرەڕای کردنەوەی گەرووەکە، بەڵام گەمارۆی دەریایی هێزەکانی ئەمریکا بە هەموو هێز و کاریگەرییەکەیەوە دەمێنێتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە گەمارۆکە “تەنیا پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە”. ترەمپ گوتی: “ئەم گەمارۆیە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی رێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئێران 100% تەواو دەبێت.”
لەبارەی ئاراستەی دانوستانەکان، ترەمپ گەشبینی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: “ئەم پرۆسەیە دەبێت زۆر بە خێرایی بەڕێوە بچێت، چونکە زۆربەی خاڵەکان پێشتر دانوستانیان لەسەر کراوە و گەیشتووینەتە رێککەوتن لەسەریان.”
هاوکات هەر ئەمڕۆ هەینی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ( ئێکس ) نووسیویەتی، لەگەڵ دەستپێکردنی ئاگربەست لە لوبنان، هاتوچۆی هەموو کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزەوە بۆ ماوەی ئاگربەستەکە بە تەواوی کراوە دەبێت.










