گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئێران ڕایگەیاند، هێشتا جەنگ کۆتایی نەهاتووە و تاران هەموو تواناکانی خۆی لە جەنگ دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بەکارنەهێناوە.
شەممە 18ـی نیسانی 2026، عەمید رەزا تەلایی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئێران، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد: ” ئەمریکا لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی بۆ رووخاندنی رژێمی ئێران یان دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان گەل و دەسەڵاتدا شکستی هێناوە”، هەروەها جەختی لە شکستی هەوڵەکان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی دژی تاران کردەوە.
سەبارەت بە گەرووی هورمز، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئێران مەرجێکی نوێی خستە روو و گوتی: “کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا بەستراوەتەوە بە راگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنان”.
عەمید رەزا تەلایی هۆشداریشی دا، بەشێکی زۆر لە تواناکانی ئێران کە لە بابولمەندەبەوە تاوەکوو ناوچەکانی دیکە درێژ دەبێتەوە، هێشتا بەکارنەهێنراون، گوتیشی: “ئەگەر لایەنەکانی بەرانبەر لە پرۆسە دیپلۆماسییەکاندا پەنا بۆ فێڵ و تەڵەکە ببەن، ئێران وەڵامی توندی دەبێت”.
لەلایەکی دیکەوە، دەزگای هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە سێ پارێزگای وڵاتەکەدا، ژمارەیەک کەسیان دەستگیرکردووە کە پەیوەندییان بە دەزگا سیخوڕییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و بەریتانیاوە هەبووە.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی سوپای پاسداران، ئەو کەسانە تۆمەتبارن بە سیخوڕی، قاچاخچێتی و پلاندانان بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە و لە نێویاندا کەسانی لایەنگری رژێمی پاشایەتی و پەیوەندیدار بە کەناڵە ئۆپۆزسیۆنەکان هەن.










