سەرۆکی رێکخراوی فڕۆکەوانیی شارستانیی ئێران بڕیاری کردنەوەی بەشێک لە ئاسمانی وڵاتەکەی دەدات و گەشتە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانیش بەپێی ئامادەیی فڕۆکەخانەکان وردە وردە ئاسایی دەبنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 18ـی نیسانی 2026، حسێن پوورفەرزانە، سەرۆکی رێکخراوی فڕۆکەوانیی شارستانیی ئێران رایگەیاند، بەپێی ئاگادارییەکی دەرچوو بۆ فڕۆکەوانان، لە کاتژمێر 07:00ـی بەیانییەوە ئاسمانی وڵات و بەشێک لە فڕۆکەخانەکان کراونەتەوە.
پوورفەرزانە ئاماژەی بەوە دا، رێگەی ئاسمانی لە بەشی رۆژهەڵاتی وڵات کراوەیە بۆ ئەوەی گەشتە نێودەوڵەتییەکان بە ئاسمانی ئێراندا تێپەڕ ببن.
روونیشی کردەوە، فڕین لە فڕۆکەخانەکاندا وردە وردە دەست پێ دەکاتەوە و ئەمەش بە پشتبەستنە بە ئامادەیی هونەری و کرداریی هەردوو کەرتی سەربازی و شارستانی، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری پێشکەشی گەشتیاران و هاووڵاتییان بکرێت.
داخستن و کردنەوەی ئاسمانی ئێران پەیوەندیی راستەوخۆی بە گرژییە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە. لە ماوەی رابردوودا و بەتایبەتی لە کاتی سەرهەڵدانی جەنگی وڵاتەکە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، حکوومەتی تاران چەندین جار بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی داوە، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گەشتە شارستانییەکان و رێگریکردن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو.










