ئێرانجیهان

وردەکاریی نوێ دەربارەی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە کە ئێران بە ناوبژیوانانی راگەیاندووە، لە ماوەی ئاگربەستدا بەردەوام دەبێت لە سنووردارکردنی ژمارەی ئەو کەشتیانەی رێگەیان پێدەدرێت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕبن، هاوکات باجی تێپەڕبوونیشیان بەسەردا دەسەپێنێت.

رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” لە زاری بەرپرسانەوە بڵاویکردەوە، ئەو کەشتیانەی بە گەرووەکەدا تێپەڕ دەبن، پابەند دەکرێن بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران، ئاماژە بەوەش کراوە، سوپای پاسداران دەسەڵاتی دەبێت رێگری لە کەشتیی ئەو وڵاتانە بکات کە تاران بە “دوژمن”یان دەناسێنێت.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، سوپای پاسداران پێداگری دەکات لەسەر جێبەجێکردنی سیستمێکی نوێی بەڕێوەبردن بۆ گەرووی هورمز دوای گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئەمریکا، بەجۆرێک کە رێگە بە تاران بدات بە شێوەیەکی فەرمی باجی تێپەڕبوون لە کەشتییەکان وەربگرێت.

ئەم وردەکارییانە لە کاتێکدایە کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی هەینی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاندبوو، گەرووی هورمز کراوەیە، عێراقچی ئاماژەی بەوە کردبوو، “دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنان، رێگەی تەواو دەدرێت بە هەموو کەشتییە بازرگانییەکان بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا لە ماوەی ئاگربەستەکەدا.” بەڵام جەختیشی کردەوە، تێپەڕبوونەکە دەبێت لە چوارچێوەی رێڕەوی دیاریکراو و هەماهەنگیی رێکخراوی بەندەرەکانی ئێراندا بێت.

لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیای “کیپلەر” کە تایبەتە بە شیکردنەوەی داتا، رایگەیاند، جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز هێشتا سنووردارە و تەنیا لەو رێڕەوانەدا دەکرێت کە پێویستیان بە مۆڵەت هەیە، کۆمپانیاکە جەختی کردەوە، ئەم دۆخە تاوەکو ئێوارەی هەینی بەردەوام بووە، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا و ئێران رایانگەیاندبوو کە گەرووەکە بە تەواوی کراوەتەوە.

سەرچاوە

Related Posts