سازمانی زانیاریی (هەواڵگری) سوپای پاسداران رایگەیاند؛ چەند شانەیەکی سەر بە وڵاتانی ئەمریکا، ئیسرائیل و بەریتانیایان لە سێ پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات، کرمان و مازندەران دەستنیشان و تێکشکاندووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران، ئەم شانانە بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هێرشی سەربازیی دوژمن، خەریکی تۆڕبەندی، چەکدارکردن، سیخوڕی، تێکدانی باری بازاڕ، قاچاخی کاڵا، بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی ئابووریی و رێکخستنی ئاژاوەی شەقامەکان بوون.
لە ئازەربایجان هەواڵگریی سوپا 7 کەس لە ئەندامانی سەر بە لایەنگری شا دەستگیر کردووە. ئەمانە تۆمەتبارن بەوەی چەکیان دابین کردووە و زانیاری و شوێنی ناوەندە هەستیارەکانیان بۆ سەرپەلەکانیان لە دەرەوە ناردووە.
مازندەران لەو پارێزگایە 69 کەس لە لایەنگرانی شا، پەیوەندیداران بە ئیسرائیل دەستگیرکراون. لە حەشارگەکانیاندا دەست بەسەر بڕێک چەکی سارد و گەرم و ئامێری پەیوەندیکردندا گیراوە.
لە پارێزگای کرمان 51 کەس لە ئەندامانی سەرەکی و سیخوڕانی دوژمن تێکشکێنراون، ئەمانە لەخۆ دەگرێت، دەستگیرکردنی 3 تیمی سیخوڕی سەر بە دەزگا هەواڵگرییەکانی دوژمن. دەستگیرکردنی 2 تیمی سەر بە بەهاییەت.هەروەها تێکشکاندنی شانەیەکی ئۆپەراسیۆنی 4 کەسیی چەکداری سەر بە لایەنگرانی پاشایەتی. دەستگیرکردنی 6 کەس لە ئەندامانی میدیایی سەر بە تۆڕی “ئینتەرناشناڵ”.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەم کەسانە لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ چەند لایەنە دەرەکییەکان و ئامانجیان تێکدانی بازاڕ و رێکخستنی خەڵک بووە بۆ دروستکردنی ئاژاوە و پشێوی.










