محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بەبۆنەی رۆژی سوپای وڵاتەکەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران هێمای دەسەڵات و ئاسایشە و هێزێکە رەگی قووڵی لەناو دڵی گەلدایە.
قالیباف ئاماژەی بەوە کرد، فەرماندە و هێزە فیداکارەکانی سوپا لە هەموو کایەکاندا، لەوانە جەنگە سەربازییەکان، قەیرانە سروشتییەکان و خزمەتگوزارییەکان، هەمیشە لە هێڵی پێشەوەدا بوون. گوتیشی: “هەبوونی وەها فەرماندە و سەربازە ئازایەک مایەی شانازییە بۆ گەلی ئێران.”
سەرۆکی پەرلەمان لە پەیامەکەیدا ناوی چەندین فەرماندە و کوژراوانی سوپای هێنا و جەختی کردەوە، فیداکارییەکانی ئەوان لە مێژوودا بە نەمری دەمێنێتەوە.
قالیباف تیشکی خستە سەر مێژووی چالاکییەکانی سوپا و گوتی: “لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوە چەکدارییەکان و جەنگی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران، تا دەگاتە جەنگی 12 رۆژە و رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی ئەم دواییەی سوپا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەم هێزە راستیی دەسەڵات و فیداکاری نەتەوەکەی نیشان داوە.”
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، سوپا لەژێر فەرماندەیی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی (ئیمام خومەینی، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی و ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی) وەستاوە و نیشانی داوە، لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا سەر دانانەوێنێت و تا دوا هەناسە پاسەوانی سەربەخۆیی و کەرامەتی وڵات دەکات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، قالیباف وێڕای پیرۆزبایی 29ـی رۆژی سوپا، رێزی لە یاد و ناوی شەهیدان و برینداران و ئازادکراوانی سوپا گرت.










