خەتیبزادە: تا لەسەر چوارچێوەیەکی هاوبەش رێکنەکەوین، ناچینە سەر مێزی گفتوگۆ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای دەکات کە تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕی نوێی دانوستانە لەگەڵ ئەمریکا دیاریی نەکراوە. تاران جەخت دەکاتەوە کە لەم قۆناغەدا تەنیا تیشک دەخەنە سەر داڕشتنی چوارچێوەیەکی گشتگیر بۆ لێکتێگەیشتن، تا رێگریی بکەن لە هەر شکستێکی دیکە کە ببێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخەکە.
شەممە، 18ـی نیسانی 2026، سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا، نوێترین پێشهاتەکانی پرۆسەی دانوستانی نێوان تاران و واشنتنی خستە روو، کە بە نێوەندگیریی وڵاتی پاکستان بەڕێوە دەچێت.
خەتیبزادە رایگەیاند، تا ئێستا هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنی گەڕی دووەمی گفتوگۆکان دەستنیشان نەکراوە و جەختی لەوە کردەوە: “ناتوانین وادەیەک دیاری بکەین مادام لەسەر چوارچێوەیەکی هاوبەش رێکنەکەوتووین.”
خەتیبزادە ئاماژەی بەوە کرد، کە تاران ئێستا تەواوی سەرنجی لەسەر داڕشتنی کۆتایی “چوارچێوەی لێکتێگەیشتن”ە لە نێوان هەردوو لایەندا، چونکە بە گوتەی ئەو، ئێران ئارەزووی هیچ جۆرە کۆبوونەوەیەک ناکات کە ئەنجامەکەی شکست بێت و ببێتە بیانوویەک بۆ خولێکی نوێی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
ئەم لێدوانانەی بەرپرسە باڵاکەی ئێران دوای ئەوە دێت کە گەڕی یەکەمی دانوستانەکان لە پاکستان بێ گەیشتن بە ئەنجام کۆتایی هات.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئەمریکا سەرەڕای کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەم بێ رێککەوتن، پرۆسەکە بە “دیپلۆماسییەکی بەردەوام” ناودەبەن و پێیان وایە ئەمە هەوڵێکی تەنها یەکجارەکی نییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو شاندی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دوای شکستی گەیشتن بە رێککەوتن خاکی پاکستانیان جێهێشت.
ئەم چەقبەستووییە دیپلۆماسییەی نێوان هەردوو وڵات، ئاماژەیە بۆ قووڵی جیاوازییەکان لەسەر پرسە بنەڕەتییەکان، بە تایبەت لە کاتێکدا کە تاران دەیەوێت سەرەتا لەسەر میکانیزمی گفتوگۆکان رێکبکەوێت، پێش ئەوەی بچێتە ناو وردەکارییەکانی دۆسیە ئەتۆمی و سیاسییەکان.










