بەپێی راپۆرتە میدیاییەکانی ئەمریکا، ئیدارەی ترەمپ گەورەترین ئۆپەراسیۆنی دەریایی لە دوای ساڵی 2003ـوە دەستپێکردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی فیزیکی هەر کەشتییەک کە باری ئێرانی هەڵگرتبێت لە هەر شوێنێکی جیهان. ئەم جووڵە سەربازییە کە پتر لە 10 هەزار سەرباز و 15 کەشتی جەنگی لەخۆدەگرێت،
شەممە 18ی نیسانی 2026، بەپێی راپۆرتەکانی ئاژانسی بلوومبێرگ و رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەورەترین جووڵەی سەربازیی دەریایی لە دوای جەنگی عێراق لە ساڵی 2003ـوە دەستپێکردووە، کە ئامانجی ڕاوکردن و دەستبەسەرداگرتنی هەر کەشتییەکی پەیوەندیدار بە ئێرانە لە هەر شوێنێکی ئەم گۆی زەوییەدا بێت.
لە راپۆرتەکانیاندا ئاماژە بەوەش دراوە، ئیدارەی ترەمپ زیاتر لە 15 کەشتیی جەنگیی ستراتیژی و پۆلێنکراو، لەگەڵ زیاتر لە 10 هەزار سەربازی خستووەتە نێو ئەم ئۆپەراسیۆنە. فەرمانی راستەوخۆ بەم هێزانە دراوە کە هەڵبکوتنە سەر و دەستبەسەر هەر کەشتییەکدا بگرن کە باری سزادراوی ئێرانی هەڵگرتبێت، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کام زەریا یان دەریای جیهاندا دەڕۆن.
باسیان لەوەش کردووە، تاوەکوو ئێستا لە نێوان 8 بۆ 14 کەشتی دوای وەرگرتنی هۆشداریی توند لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە، ئاراستەی خۆیان گۆڕیوە و گەڕاونەتەوە. بەڵام سەرچاوەکان هۆشداری دەدەن کە ئەو کەشتییانەی پابەند نەبوون و هێشتا بەردەوامن لە گواستنەوەی باری ئێرانی، لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا رووبەڕووی کردەوەی سەربازیی راستەوخۆ و دەستبەسەرداگرتن دەبنەوە.
ئەم هەنگاوە نوێیەی واشنتن گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە شێوازی جێبەجێکردنی گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران. پێشتر هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا تەنیا رێگرییان لە کەشتییەکان دەکرد یان ناچاریان دەکردن بگەڕێنەوە، بەڵام ئێستا فەرمانیان پێدراوە کە راستەوخۆ بچنە نێو کەشتییەکان و پشکنینیان بۆ بکەن و لە باری پێویستدا دەستیان بەسەردا بگرن.
بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە، تیمە تایبەتەکانی هێزی دەریایی و مارینزی ئەمریکا ئامادەکراون بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە، ئامانجی سەرەکی، پەکخستنی تەواوەتیی هەر هەوڵێکی ئێرانە بۆ هەناردەکردنی نەوت یان هاوردەکردنی کەلوپەلی قەدەغەکراو؛ هەروەها ئەم بڕیارە ئەو کەشتیانەش دەگرێتەوە کە لەژێر ئاڵای وڵاتانی تردا دەڕۆن بەڵام باری ئێرانییان هەڵگرتووە.
هاوکات ئاژانسی بلوومبێرگ لە راپۆرتێکدا، ئاشکرای کرد کە ئومێدەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی خێرا لە نێوان ئەمریکا و ئێران تووشی پاشەکشە بوون، ئەمەش دوای ئەوەی تاران بڕیارە کاتییەکەی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز هەڵوەشاندەوە و گرژییەکان لە لوبنانیش روویان لە هەڵکشان کرد.
بلوومبێرگ بڵاویشی کردەوە دوو بەلەمی چەکداری سەر بە سوپای پاسداران (IRGC) لە ناو گەرووی هورمزدا تەقەیان لە کەشتییەکی نەوتهەڵگر کردووە. ئەم رووداوە هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری نوێی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ سەپاندنی سنووردارکردنی توند بەسەر گەرووەکەدا. ئێران ڕایگەیاندووە کە تا جەنگ بە تەواوی کۆتایی نەیەت، کۆنترۆڵی تەواوەتی گەرووەکە دەکەن و هەر کەشتییەک تێپەڕێت، دەبێت “باجی خزمەتگوزاری و ئەمنی” بە دراوی دیجیتاڵی (Crypto) بدات.
شارەزایانی سەربازی هۆشداری دەدەن ئەم هەنگاوە ئەگەری پێکدادانی راستەوخۆ لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و سوپای پاسدارانی ئێران زیاد دەکات، بەتایبەت دوای ئەوەی تاران رایگەیاند گەرووی هورمز دادەخات و رێگە بە پشکنینی کەشتییەکانی نادات.
ئەم پێشهاتە دوای لێدوانە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ دێت کە رایگەیاندبوو: “گەمارۆی دەریایی تا واژۆکردنی رێککەوتنەکە 100% بەردەوام دەبێت”. واشنتن دەیەوێت لە رێگەی ئەم فشارە فیزیکییە دەریاییەوە، تاران ناچار بکات لە دانوستانەکانی ئەم کۆتایی هەفتەیەدا هەموو مەرجەکانی ئەمریکا قبووڵ بکات.










