کۆمپانیای رۆساتۆمی ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ گرتنە ئەستۆی پڕۆسەی گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران بۆ دەرەوەی خاکی ئەو وڵاتە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم رێککەوتنی واشنتن و تاران.
شەممە 18ـی نیسانی 2026، ئەلێکسی لیخاچێڤ، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای رۆساتۆمی رووسی (کۆمپانیای حکوومی بۆ وزەی ئەتۆم)، رایگەیاند کە وڵاتەکەی بە وردی چاودێری دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران و لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەکات، بەتایبەتی لەو بڕگانەی پەیوەستن بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە.
لیخاچێڤ ئاماژەی بەوە کرد کە گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە، پرسێکی سەرەکی و یەکجار هەستیارە لە دانوستانەکاندا. ئەو جەختی کردەوە کە جگە لە ئاڵۆزییە تەکنیکییەکان، متمانە فاکتەرێکی یەکلاکەرەوەیە لە هەر رێککەوتنێکدا و “لەم بوارەدا، تەنیا رووسیا خاوەنی ئەزموونێکی ئەرێنییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنی ئێرانی.”
بەڕێوەبەری رۆساتۆم ئاشکرای کرد کە رووسیا لە ساڵی 2015دا و لەسەر داوای لایەنی ئێرانی، یۆرانیۆمی پیتێنراوی لە خاکی کۆماری ئیسلامی گواستووەتەوە بۆ دەرەوە. لیخاچێڤ رایگەیاند: “ئێمە ئامادەین ئەمڕۆش هاوکاریی پرۆسەکە بکەین و جارێکی دیکە ئەو ئەرکە بگرینە ئەستۆ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.”
ئەم پێشنیازەی رووسیا لە کاتێکدایە کە باس لە گواستنەوەی یۆرانیۆمەکە دەکرێت وەک مەرجێکی سەرەکی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران. هاتنە سەر هێڵی مۆسکۆ وەک لایەنێکی سێیەم و جێی متمانەی تاران، رەنگە ببێتە هۆی ئاسانکردنی یەکێک لە ئاڵۆزترین بڕگەکانی رێککەوتنەکە و نزیکبوونەوەی هەردوولا لە کۆتاییهێنان بە جەنگ.










