ئێرانجیهان

شاندێکی ئەمریکی بەمەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، بەرەو پاکستان بەڕێدەکەوێت

ترەمپ مۆڵەتی کۆتایی دیاری دەکات و ئێران مەرجی هەیە

لە کاتێکدا گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتووەتە لووتکە، بڕیارە شاندێکی ئەمریکی بە مەبەستی ئەنجامدانی خولێکی نوێی دانوستانەکان بەرەو پاکستان بەڕێبکەوێت. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندووە؛ شاندەکە بەم زووانە دەگەنە ئیسلام ئاباد بۆ زیندووکردنەوەی ئەو گفتوگۆیانەی ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بەو جەنگەی لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستی پێکردووە. ترەمپ وەک جۆرێک لە گوشار، مۆڵەتی تا “شەوی چوارشەممە بە کاتی واشنتن” بۆ ئێران دیاری کردووە تا رێککەوتنەکە واژۆ بکەن، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی کردووە بنکە و دامەزراوە گرنگەکانی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج و رایگەیاندووە: “ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێن، بۆمبی زۆر دەتەقنەوە.”

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی لە هەڵسوکەوتەکانی ئەمریکا گرت و رایگەیاند؛ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی و گەمارۆدانی بەندەرەکان، پێشێلکردنی روونی ئاگربەستە. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، ئاماژەی بەوە کرد، هیچ پلانێکیان بۆ خولی داهاتووی دانوستانەکان نییە، چونکە ئەمریکا لە “دیپلۆماسییەتدا رژد نییە.”

هاوکات محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ترەمپی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێت “مێزی دانوستان بکاتە مێزی خۆبەدەستەوەدان” و جەختی کردەوە،  تاران لە ژێر هەڕەشەدا گفتوگۆ ناکات و لە ماوەی رابردوودا خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ “کۆچی نوێ لە بەرەکانی جەنگدا.”

دۆخی گەرووی هورمز، کە دەمارێکی سەرەکیی وزەی جیهانە، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. ترەمپ جەختی کردووەتەوە، گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران لانابات تا رێککەوتن نەکرێت، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێران بەهۆی ئەم گەمارۆیەوە رۆژانە 500 ملیۆن دۆلار زیان دەکات.

بەهۆی ئەم ئاڵۆزییانەوە، هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بۆ “سفر” دابەزیوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان و دابەزینی بەهای پشکەکان لە بۆرسەکاندا. چین و رووسیاش نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و داوای پاراستنی ئازادی دەریاوانی و بەردەوامی دیپلۆماسییەت دەکەن.

لەسەر ئاستی لوبنان، جۆزێف عۆن، سەرۆک کۆماری لوبنان، رایگەیاند؛ دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل بژاردەیەکی ناچارییە بۆ ئەوەی وڵاتەکە تووشی لەناوچوون نەبێت، ئامانجیش لێی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلە لە باشوور. ئەمە لە کاتێکدایە حزبوڵای لوبنان دژی هەر دانوستانێکی راستەوخۆیە لەگەڵ ئیسرائیل و جەخت لەسەر پاراستنی چەکەکەی دەکاتەوە. بڕیارە رۆژی پێنجشەممە ئەمریکا میوانداری خولێکی نوێی گفتوگۆکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بکات.

سەرچاوە

Related Posts