ئێرانجیهان

پاکستان داوای درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکات

میدیاکانی پاکستان بڵاویانکردەوە، حکوومەتی ئیسلام ئاباد بە فەرمی داوای لە تاران و واشنتن کردووە ماوەی ئاگربەستی نێوانیان بۆ دوو هەفتەی دیکە درێژ بکەنەوە.

بەگویرەی زانیارییەکانی میدیا پاکستانییەکان، ئەم داوایەی ئیسلام ئاباد بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ سەرکەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان. هاوکات ئاماژە بەوە دراوە پێشبینی دەکرێت ئەمرۆ سێشەممە، شەھباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بە فەرمی رابگەیەنێت.

لای خۆیانەوە سەرچاوە هەواڵییە جیهانییەکان باس لە چڕبوونەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بۆ زیندووکردنەوەی پڕۆسەی دانوستانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە بڕیارە ئەمڕۆ دەستپێبکاتەوە. لەو چوارچێوەیەدا، نێوەندگیرە پاکستانییەکان هۆشدارییان داوەتە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەردەوامیی گەمارۆکانی سەر گەرووی هورمز دەبێتە هۆی ئاڵۆزیی زیاتر.

لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ تیمی تایبەتی خۆی لە کۆشکی سپی، لە گفتوگۆدایە سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران، ئەمەش ئەگەرەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات.

سەرچاوە

Related Posts