ئێرانجیهان

لە رێگەی سەربازی و دیپلۆماسییەوە حزبوڵڵا چەک دەکەین

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئامانجی وڵاتەکەی بۆ چەککردنی حزبوڵڵا لە رێگەی سەربازی و دیپلۆماسییەوە ئاشکرا دەکات و هۆشداریش دەداتە لوبنان لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی خاڵەکانی ئاگربەست.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پێش دەستپێکردنی دانوستانی راستەوخۆی نێوان وڵاتەکەی و لوبنان لە واشنتن؛ رایگەیاند، “ئیسرائیل مەبەستیەتی حزبوڵڵا لە لوبنان لە رێگەی سەربازی و دیپلۆماسییەوە چەک بکات”.

لە کاتی رێوڕەسمی رۆژی نیشتمانی بۆ یادکردنەوەی ئەو سەربازانەی لە جەنگەکانی ئیسرائیلدا کوژراون، وەزیری بەرگری هەڕەشەی لە حکوومەتی لوبنان کرد بە بەردەوامیدان بە هێرشە سەربازییەکان ئەگەر بەردەوام بێت لە جێبەجێنەکردنی پابەندبوونەکانی.

 هەروەها ئاماژەی بەوە دا، “بە هەمان شێوە مامەڵە دەکەین لە رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک لە خاکی لوبنانەوە”.

لەبارەی جەنگی دژی ئێران و هەڵوێستی ئیسرائیل لە پرۆسەی دانوستان، کاتس گوتی، “پشتیوانیی دۆناڵد ترەمپ دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیا بین ئێران ناگەڕێتەوە بۆ پرۆژە ئەتۆمییەکەی و هەڕەشەکردن لێمان”. روونیشی کردەوە، “تەوەری شەڕ گورزی کوشندەی بەرکەوتووە و سوپاکەمان ئامادە و سازە بۆ هەر سیناریۆیەک لە داهاتوودا”.

لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل هۆشداریی دا بە دانیشتووانی نزیکەی 80 گوند لە باشووری لوبنان بۆ ئەوەی نەگەڕێنەوە شوێنەکانیان و روونیشی کردەوە، چالاکییەکانی حزبوڵڵا لەوێ بەردەوامن سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەست.

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی 2026، ئاگربەستێکی کاتیی 10 رۆژە لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی بە نێوەندگیریی ئەمریکا راگەیەنرا. لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا، بڕیارە گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتن بەڕێوەبچێت، ئەمەش دەبێتە یەکەمین گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە دوای دەیان ساڵەوە.

 سەرەڕای ئاگربەستەکە، سوپای ئیسرائیل هێشتا لە ناوچەکانی باشووری لوبنان ماوەتەوە و هۆشداری دەداتە دانیشتووانی ناوچەکە بۆ ئەوەی نەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.

 لە لایەکی دیکەشەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە و رێگریکردن لە فراوانبوونی هەژموونی ئێران و پرۆژە ئەتۆمییەکەی، بەڵام سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی حزبوڵڵا و پێداگرە لەسەر چەککردنی ئەو گرووپە.

سەرچاوە

Related Posts