کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، رایگەیاند، لە بەیانی رۆژی چوارشەممەوە گەشتە ئاسمانییە ناوخۆییەکانی وڵات دەستپێدەکەنەوە.
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە نزیکەی 50 رۆژە بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران گەشتەکان وەستاوە.
لەلایەکی دیکەوە، دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی ئێران رۆژی یەکشەممەی رابردوو ئاماژەی بەوە کردبوو، بڕیار دراوە گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان لە فڕۆکەخانەی مەشهەدەوە لە رۆژی دووشەممەوە دەستپێبکەنەوە.
هەروەها رۆژی شەممەی رابردوو، دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی رایگەیاند، بەشێک لە ئاسمان و ژمارەیەک لە فڕۆکەخانەکانی وڵات کراونەتەوە، دەستەکە روونیکردبووەوە، کاراکردنەوەی فڕۆکەخانەکان و دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بە شێوەیەکی پلەبەندی و بەگوێرەی ئامادەیی تەکنیکی هەر فڕۆکەخانەیەک دەبێت، بە جۆرێک کە سەلامەتی و رێکیی گەشتە ئاسمانییەکان مسۆگەر بکات.
ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوو لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی، راگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی راگەیاندبوو.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەی چوارشەممە وادەی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران کۆتایی بێت.










