حکوومەتی پاکستان لە هەوڵێکی بێهیوایانەدا داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەکات زمانی هەڕەشە و ئاشکراکردنی نهێنییەکانی پشت پەردە رابگرێت. نێوەندگیرەکان دەترسن رەفتارە نەپێشبینیکراوەکانی ترەمپ و بڵاوکردنەوەی وردەکارییە هەستیارەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو دەرفەتە کەمەی بۆ ئاشتی ماوە لەناوی ببات و شاندی ئێران لە مێزی دانوستان دوور بخاتەوە.
سێشەممە 21ی نیسانی 2026، بەپێی راپۆرتەکانی ئاژانسی رۆیتەرز و رۆژنامەی واشنتن پۆست، بەرپرسانی باڵای پاکستان، کە وەک نێوەندگیری سەرەکی لە نێوان واشنتن و تاران کار دەکەن، تکایان لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە کە بۆ چەند رۆژێک لێدوانە توندەکانی و زمانی هەڕەشە دژی ئێران رابگرێت، تاوەکوو هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ سەربگرێت.
باسیشیان لەوە کردووە، حکوومەتی پاکستان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی گەڕی دووەمی دانوستانەکان لە ئیسلامئاباد ئەنجامێکی ئەرێنی لێ بکەوێتەوە. پاکستان پێی وایە زمانی توندی ترەمپ و هەڕەشە بەردەوامەکانی بۆ وێرانکردنی ئێران، دەبێتە بەربەست لەبەردەم تیمی دانوستانکاری تاران و متمانەی دیپلۆماسی لەنێو دەبات.
راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، یەکێک لە نیگەرانییە گەورەکانی نێوەندگیرەکان، شێوازی مامەڵەکردنی ترەمپە لەگەڵ گفتوگۆکانی پشت پەردە. ترەمپ بەوە ناسراوە کە هیچ نهێنییەک لای ئەو نامێنێتەوە و چێژ لەوە وەردەگرێت کە وردەکارییە هەستیارەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات.
بۆ نموونە، ترەمپ پێشتر بە ئاشکرا گوتی کە ئێران وەک نیازپاکی هەشت کەشتی نەوتی پێداوە و وەک بازرگانێک جەختی کردەوە کە “ئەو نەوتی دەوێت”. هەروەها چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێرانییەکان “تکا دەکەن” دانوستانی لەگەڵ بکەن، ئەمەش لایەنی ئێرانی تووڕە دەکات.
ئیدارەی پاکستان دەزانێت کە ترەمپ تەنانەت لەگەڵ هاوپەیمانە نزیکەکانیشیدا پارێزەر نییە؛ پێشتر چەندین جار ناوەڕۆکی نامە و چاتە تایبەتەکانی خۆی لەگەڵ مارک رووتە سکرتێری گشتی ناتۆ و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بڵاو کردووەتەوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی شڵەژانی دیپلۆماسی. سەرەڕای ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییەکان، ترەمپ بەردەوامە لەم رەفتارانە و بە گرنگی نازانێت.
داواکارییەکەی پاکستان لە کاتێکدایە کە تەنیا چەند کاتژمێرێک بۆ کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەست ماوە. ئیسلامئاباد دەیەوێت کەشێکی ئارام بۆ دانوستانکاران ڤانس و کوشنەر لە لایەک، و قالیباف و عێراقچی لە لایەکی تر بڕەخسێنێت.










