حکوومەتی پاکستان بە فەرمی داوا لە ئەمریکا و ئێران دەکات ماوەی ئاگربەستی نێوانیان درێژ بکەنەوە، ئەوەش بە مەبەستی ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ سەرکەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و کۆتاییهێنان بە گرژییەکان.
سێسەممە، 21ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، حکوومەتی وڵاتەکەی داوای لە هەر یەکە لە ئەمریکا و ئێران کردووە، ئاگربەستی نێوانیان درێژ بکەنەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان لە دیدارێکدا لەگەڵ “ناتالی ئەی بیکەر”، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد، جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکان و دیالۆگی راستەوخۆی نێوان واشنتن و تاران کردووەتەوە.
ئیسحاق دار ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێویستە هەردوولا دەرفەت بە رێڕەوە دیپلۆماسییەکان بدەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر.
هاوکات، سەرچاوە فەرمییەکان بۆ کەناڵەکانی “العربية” و “الحدث” ئاشکرایان کردووە، کە گەڕی دووەمی دانوستانەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە دەچێت و شاندەکانی هەردوو وڵات گەیشتوونەتە ئیسلام ئاباد.
لە لایەکی دیکەوە میدیا ناوخۆییەکانی پاکستان باس لەوە دەکەن، کە ئەگەری هەیە ئەمڕۆ سێشەممە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بۆ دوو هەفتەی دیکە رابگەیەنێت.
هەروەها تۆڕی هەواڵی “CNN” بڵاوی کردەوە، کە گەڕی دووەمی دانوستانەکان بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 22ـی نیسان، دەست پێ کات. شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی “جەی دی ڤانس”، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و شاندی ئێرانیش بە سەرۆکایەتیی “محەمەد باقر قالیباف”، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بەشدار دەبن.
گەڕی یەکەمی دانوستان لە ١١ـی نیسان لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە چوو، بەڵام بەهۆی بوونی کۆمەڵێک جیاوازیی قووڵ لە دیدگای هەردوولادا، نەتوانرا رێککەوتنێکی درێژخایەن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان واژۆ بکرێت.










