ئێرانجیهان

جەی دی ڤانس گەشتەکەی دواخست

لە کاتێکدا جیهان چاوەڕێی دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئیسلامئاباد بوو، نوێترین پێشهاتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەی دیپلۆماسی لە نێوان واشنتن و تاران گەیشتووەتە بنبەست. تەنیا چەند کاتژمێرێک بۆ کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەست ماوە، بەڵام نە شاندی ئەمریکا گەیشتووەتە پاکستان و نە تارانیش ئامادەیی نیشانداوە بۆ گفتوگۆ.

سێشەممە 21ی نیسانی 2026، بەپێی ڕاپۆرتەکانی کەناڵی CNN و ماڵپەڕی “ئەکسیۆس”، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە بڕیار بوو سەرکردایەتی شاندی وڵاتەکەی بکات لە پاکستان، هێشتا خاکی ئەمریکای جێنەهێشتووە. بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاشکرایان کردووە کە ڤانس لە واشنتن ماوەتەوە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی چڕی داڕشتنی سیاسەتەکان سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران لە دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست. ئەم دواکەوتنە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری شکستهێنانی هەوڵە ئاشتیخوازەکان دەبینرێت.

هاوکات عەتاوڵا تاران، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: وڵاتەکەی وەک نێوەندگیر هێشتا هیچ وەڵامێکی فەرمیی لە لایەنی ئێرانییەوە بەدەست نەگەیشتووە بۆ ناردنی شاند بۆ ئیسلام ئاباد.

وەزیرە پاکستانییەکە هۆشداری دا کە ئاگربەستەکە کاتژمێر 4:50 خولەکی بەرەبەیانی چوارشەممە (بە کاتی پاکستان) کۆتایی دێت و بڕیاری ئێران لەم ساتەدا یەکجار یەکلاکەرەوە و هەستیارە.

سەرچاوە ئێرانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاران بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکانی لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە، دوودڵە لە ناردنی شاندەکەی. هاوکات ئێران لە ناوخۆدا لە 50ەمین ڕۆژی بڕانی ئینتەرنێتدایە، ئەمەش فشارێکی ئابووریی توندی خستووەتە سەر تیمی دانوستانکاری ئەو وڵاتە.

ئەم بنبەستە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا هۆشداریی توندیان داوە؛ ترەمپ ڕایگەیاندبوو “کاتێک ئاگربەست تەواو دەبێت، بۆمبەکان دەست بە تەقینەوە دەکەن”، و جەختی کردەوە کە ئەمریکا ئامادەیە بە هێز کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بهێنێت ئەگەر ڕێککەوتن واژۆ نەکرێت.

سەرچاوە

Related Posts