فۆرتێکسا: 34 نەوتهەڵگری ئێرانی زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوتیان گواستووەتەوە
ئاژانسی “فۆرتێکسا” بۆ چاودێری جووڵەی کەشتیوانی ئاشکرای کرد، لە دوای دەستپێکردنی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا لە 13ـی نیسانەوە، 34 نەوتهەڵگری پەیوەندیدار بە ئێران توانیویانە بە شێوازی جۆراوجۆر گەمارۆکە تێپەڕێنن و کارەکانیان ئەنجام بدەن.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی فۆرتێکسا، 19 نەوتهەڵگر هێڵی گەمارۆکەیان بڕیوە و لە گەرووی هورمزەوە چوونەتە دەرەوە، لە بەرامبەردا 15کەشتی دیکە چوونەتە ناو کەنداو بە مەبەستی بارکردنی نەوت لە بەندەرەکانی ئێران. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە تەنیا 6 لەو کەشتییانەی لە ئێران چوونەتە دەرەوە، بڕی 10.7ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان هەڵگرتووە کە بەهایەکەی نزیکەی 910 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، ئێران تەکتیکی جۆراوجۆری بۆ قاچاخکردنی نەوتەکە بەکارهێناوە، لەوانە، کوژاندنەوەی ئامێرەکانی ناسینەوە (AIS)، نەوتهەڵگری زەبەلاحی “دۆرینا” یەکێک بووە لەو کەشتییانەی بەبێ کارپێکردنی ئامێری ناسینەوە گەشتی کردووە. هەروەها گواستنەوە لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە لە کەناراوەکانی مالیزیا نەوتەکە لە کەشتییە ئێرانییەکانەوە بۆ کەشتی دیکەی نەناسراو گواستراوەتەوە تا سەرچاوەی نەوتەکە بشاردرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئێران کۆنترۆڵی توندی بەسەر گەرووی هورمزدا سەپاندووە. سوپای پاسداران تەنیا رێگە بەو کەشتییانە دەدات تێپەڕ بن کە مۆڵەتی پێشوەختەیان لە تاران وەرگرتووە. دوای ئەوەی شەممەی رابردوو هێزی دەریایی ئێران هێرشی کردە سەر کەشتییەکی کۆنتێنەری فەڕەنسی و نەوتهەڵگرێکی هیندی، جووڵەی کەشتیوانی لەو ناوچەیە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و تەنیا 30 کەشتی تێپەڕیون.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاندووە؛ مەودای گەمارۆکانیان فراوانتر کردووە بۆ ناو جەرگەی دەریاکان. هێزی دەریایی ئەمریکا 28 کەشتییان ناچار کردووە بگەڕێنەوە بۆ بەندەرەکانی ئێران، هەروەها دەستیان بەسەر کەشتییەکی کۆنتێنەریدا گرتووە لە دەریای عومان و هەڵیانکوتاوەتە سەر نەوتهەڵگرێکی سزادراو لە زەریای هیندی و هێمن.
خاوەن کەشتییە بازرگانییەکان دۆخەکە بە “گەمارۆی دوولایەنە” وەسف دەکەن؛ لە لایەک رێکارە توندەکانی ئەمریکا و لە لایەکی دیکە کۆنترۆڵی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا، وایکردووە زۆربەی کەشتییەکان لە بەشی باشووری کەنداو رابوەستن و نەیەنە ناو ململانێکانەوە. هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە، هیچ سزایەک لانابرێت تا ئەو کاتەی تاران مەرجەکانی ئەمریکا قبوڵ دەکات و دەگەنە رێککەوتنێکی کۆتایی.










