راوێژکارێکی قالیباف: پێویستە بە شێوەیەکی سەربازی وەڵامی ئەمریکا بدرێتەوە
مەهدی محەمەدی، راوێژکاری محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند؛ درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست لەلایەن دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بۆردوومان نییە و جەختی کردەوە، پێویستە بە شێوەیەکی سەربازی وەڵام بدرێتەوە.
محەمەدی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” نووسیویەتی: “درێژکردنەوەی ئاگربەست لەلایەن تڕەمپەوە سوودی نییە، چونکە لایەنی دۆڕاو مافی ئەوەی نییە مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت.” ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوامیی گەمارۆکان هاوشێوەی بۆردوومانە و گوتی: “درێژکردنەوەی کات لەلایەن تڕەمپەوە تەنیا بۆ کات کوشتنە بە مەبەستی وەشاندنی گورزێکی لەناکاو؛ بۆیە کاتی ئەوە هاتووە ئێران دەسپێشخەری بکات.”
گوتەی ئەو بەرپرسەی ئێران دوای ئەوە دێت، دۆناڵد تڕەمپ رایگەیاند، لەسەر داوای پاکستان ئاگربەستی لەگەڵ ئێران درێژ کردووەتەوە تا ئەو کاتەی تاران “پێشنیازێکی یەکگرتوو” پێشکەش دەکات و گفتوگۆکان تەواو دەبن، بەڵام لە هەمان کاتدا گەمارۆ دەریاییەکانی سەر بەندەرەکانی ئێرانی وەک خۆی هێشتووەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر رایگەیاندبوو نایەوێت ئاگربەست درێژ بکاتەوە و هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی کردبوو ئەگەر رێککەوتنێکی خێرا نەیەتە ئاراوە.
ناڕوونییەکی زۆر بەسەر خولی دووەمی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران لە ئیسلام ئاباددا دەبینرێت؛ بەتایبەت دوای ئەوەی هەواڵی دواخستنی سەردانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ پاکستان بڵاوکرایەوە و تاران وێڕای ناڕەزایەتی بەرامبەر بەردەوامیی گەمارۆکان، رایگەیاند؛ هێشتا بڕیاری کۆتایی بۆ بەشداریکردن لەو گفتوگۆیانە نەدراوە.










