ئێرانجیهان

ترەمپ دوا دەرفەت دەداتە ئێران

پێگەی ئەکسیۆس لە زاری سێ بەرپرسی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتێکی کورتی تەنیا چەند رۆژەی داوەتە سەرکردایەتی ئێران تاوەکو لەسەر پێشنیازەکەی واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ رێکبکەون، بە پێچەوانەوە ئاگربەستەکە کۆتایی دێت.

چوارشەممە 22ـی نیسانی 2026، پێگەی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە کە ئاگاداری وردەکارییەکانە، رایگەیاندووە: “ترەمپ ئامادەیە ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 3 بۆ 5 رۆژی دیکە درێژ بکاتەوە، تەنیا بۆ ئەوەی دەرفەت بداتە ئێرانییەکان خۆیان رێکبخەنەوە و وەڵامێکی روونیان هەبێت.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، یەکێک لە گەورەترین گرفتەکانی بەردەم رێککەوتنەکە ئەوەیە کە موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، تاوەکوو رادەیەکی زۆر لە پەیوەندییەکان دابڕاوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ململانێیەکی قووڵ لە نێوان فەرماندەکانی سوپای پاسداران و سەرکردە مەدەنییەکان و تیمی دانوستانکاری وڵاتەکە لەسەر دیاریکردنی ستراتیژی داهاتوو.

بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، دوای خولی یەکەمی گفتوگۆکان لە ئیسلام ئاباد، هەستیان بە لێکترازانێکی گەورە کردووە، کاتێک دەرکەوتووە ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران و جێگرەکانی، زۆربەی ئەو خاڵانەیان رەتکردووەتەوە کە تیمی دانوستانکاری ئێران پێشتر لەسەری رێککەوتبوون.

سەرەڕای ئەم ئاڵۆزییانە، تیمی ترەمپ پێیان وایە هێشتا دەرفەت ماوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر کە هەم جەنگ رابگرێت و هەم کێشەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران چارەسەر بکات، بەڵام نیگەرانن لەوەی لە تاران کەسێک نەبێت دەسەڵاتی بڕیاردانی هەبێت بۆ گوتنی “بەڵێ”ـی کۆتایی.

ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێت، سێشەممە 21ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا رایگەیاند، بڕیاری داوە وادەی ئاگربەست لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژ بکاتەوە و هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر تاران رابگرێت.

ترەمپ ئاشکرای کرد، ئەم بڕیارەی دوای داواکارییەکی فەرمیی بەرپرسانی باڵای پاکستان هاتووە، سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کردووە، “لەسەر داوای مارشاڵ عاسم مونیر و شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، داوامان لێکرا هێرشەکانمان بۆ سەر وڵاتی ئێران رابگرین تا ئەو کاتەی سەرکردە و نوێنەرانی ئێران دەگەنە پێشنیازێکی یەکگرتوو.”

لە راگەیەندراوەکەدا، ترەمپ رەخنەی توندی لە ناوخۆی دەسەڵاتی ئێران گرت و گوتی: “حکومەتی ئێران بە جددی پەرتەوازە و دابەش بووە، ئەمەش شتێکی چاوەڕواننەکراو نەبوو.”

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، درێژکردنەوەی ئاگربەست بە واتای کەمکردنەوەی فشارەکان نییە. ترەمپ رایگەیاند، “فەرمانم بە سوپاکەمان داوە بەردەوام بن لە گەمارۆی دەریایی و لە هەموو رووەکانی ترەوە لەوپەڕی ئامادەباشی و توانادا بمێننەوە.”

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئاگربەستەکە تەنیا تا ئەو کاتە درێژ دەکرێتەوە کە ئێران پێشنیازەکەی پێشکەش دەکات و گفتوگۆکان بە رێککەوتن یان جەنگ کۆتاییان دێت.

هاوکات ئەکسیۆس بڵاوی کردووەتەوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ ئەوەیە ئەمریکا و نێوەندگیرە پاکستانییەکان چاوەڕێی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران دەکەن بۆ ئەوەی وەڵامی دوایین پێشنیاز بداتەوە.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئاگادار لە گفتوگۆکان ئاماژەی بەوە کردووە کە چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی چوارشەممە خامنەیی وەڵامی کۆتایی خۆی رابگەیەنێت.

ئەم ململانێ سەربازییە گەورەیەی نێوان واشنتن و تاران لە 28ی شوباتی 2026 دەستی پێکرد، کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی وێرانکەریان بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکان و ژێرخانی سەربازیی ئێران ئەنجامدا. ئەمریکا ناوی ئۆپەراسیۆنەکەی ناو نا “تووڕەیی داستانئاسا” (Operation Epic Fury)، کە ئامانج لێی پەکخستنی تەواوەتیی توانای ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران بوو. لە بەرامبەردا ئێران گەرووی هورمزی داخست و بە سەدان مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە کەنداو.

هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ئیدارەی ترەمپ ستراتیژییەتی “رقی ئابووری”ی گرتە بەر. لە هەفتەی رابردووەوە، ئەمریکا گەمارۆیەکی دەریایی توندی خستووەتە سەر تەواوی بەندەرەکانی ئێران و زیاتر لە 15 کەشتیی جەنگی و 10 هەزار سەربازی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە.

خاڵی سەرەکیی دانوستانەکان کە لە پاکستان بەڕێوە دەچن، پرسی 2,000 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانە. ترەمپ داوای رادەستکردنی تەواوەتی ئەو یۆرانیۆمە دەکات کە بە “خۆڵی ئەتۆمی” وەسفی دەکات، لە بەرامبەردا ئێران داوای ئازادکردنی 27 ملیار دۆلار پارەی سڕکراو و هەڵگرتنی گەمارۆکان دەکات.

وڵاتی پاکستان لەم قەیرانەدا وەک تاکە پردی پەیوەندی لە نێوان واشنتن و تاران دەرکەوتووە. هەوڵەکان بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپا و شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بەڕێوە دەچن.

یەکشەممە، 12ی نیسانی 2026، جەی دی ڤانس، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ئێران بە سەرکردایەتی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئیسلام ئاباد رایگەیاندبوو، “شاندەکانی واشنتن و تاران بۆ ماوەی 21 کاتژمێر دانوستانیان کرد، بەڵام نەگەیشتینە رێککەوتنێکی وا کە جێگەی رەزامەندی هەردوولا بێت.” ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان وەک لایەنی ئەمریکی باشترین پێشنیازیان پێشکەش بە لایەنی ئێرانی کردووە، بەڵام رەتیکردەوە وردەکاری زیاتری ناوەڕۆکی پێشنیازەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات.

سەرچاوە

Related Posts