ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هاوشێوەی کرد بۆ هەر هێرشێک کە بکرێتە سەر کەشتییە نەوتییەکانی و جەختی کردەوە، بەرامبەر بە دەستدرێژییە دەریاییەکان بێدەنگ نابن.
ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، سیاسەتی “چاو بەرامبەر چاو و کەشتی نەوت بەرامبەر کەشتی نەوت” پەیرەو دەکەین، ئاماژەی بەوەش کرد، وەڵامەکانی وڵاتەکەی لە ماوەی 40 رۆژی جەنگدا یەکلاکەرەوە و بەهێز بوون، رەزایی گوتیشی، ئێران بەرامبەر چەتەکانی دەریا بێدەنگ نابێت و نەیارەکانیان ناتوانن شکستەکانیان بگۆڕن بۆ سەرکەوتن.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا، دەستەی بازرگانی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، کەشتییەکی گواستنەوەی کۆنتێنەر لە لایەن بەلەمێکی سەربازی ئێرانییەوە لە دووری 15 میل لە کەناراوەکانی باکووری رۆژهەڵاتی عومان کراوەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە پەیکەری کەشتییەکە و ژووری بەڕێوەبەرایەتییەکەی، هەروەها ئاژانسی “تەسنیم”ی ئێرانی بڵاویکردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران دوای ئەوەی کەشتییەکە هۆشدارییەکانی پشتگوێ خستووە، تەقەیان لێکردووە و زیانی گەورەیان پێ گەیاندووە.










