گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، تیمەکانیان توانیویانە بە کەمتر لە نیو کاتژمێردا ئاگرێکی گەورە لە پالاوگەیەکی قیڕ لەسەر رێگای گوێڕ کۆنتڕۆڵ بکەن و جەختیش دەکاتەوە، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ئاگرەکە لە ناو پاڵاوگەیەکی بەرهەمهێنانی قیڕ بووە، نەک سووتەمەنی. هۆکاری رووداوەکەش بۆ پاڵەپەستۆیەکی زۆر لە کاتی بەتاڵکردنی تانکییەک گەڕایەوە کە بووە هۆی تەقینەوەی، بەڵام بەهۆی هەبوونی ئامێری ئاگرکوژێنەوەی جێگیر لە شوێنەکە و گەیشتنی خێرای شەش تیمی بەرگری شارستانی، رێگری لە تەشەنەکردنی ئاگرەکە کرا.”
سەبارەت بە پابەندی پاڵاوگەکان بە رێنماییەکان، گوتەبێژی بەرگری شارستانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان لیستی ئەو شوێنانەیان لایە کە پابەند نین و رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرنە بەر، جەختیشی کردەوە، دەبێت هەموو پاڵاوگەیەک سیستەمی پاراستنی وەک فۆم و ئامێری ئاگرکوژێنەوەی جێگیری هەبێت.
هەروەها شاخەوان سەعید گوتیشی، “رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە، بە جۆرێک پارساڵ رێژەی کەمبوونەوەکە گەیشتبووە %67 و ئەمساڵیش تا ئێستا نزیکەی 300 رووداو تۆمار کراون.”
گوتەبێژی بەرگری شارستانی هۆشداری دایە هاووڵاتییان لە وەرزی سەیراندا کە ئاگر و پاشماوەی شووشە و پلاستیک لە سروشتدا بەجێ نەهێڵن، هەروەها ئامادەیی تیمەکانیانی بۆ پاراستنی دەغڵ و دانی جووتیاران لە وەرزی دروێنەدا دووپات کردەوە.










