ئاژانسی هەواڵی “ڕۆیتەرز” لە زاری چەند سەرچاوەیەکی عێراقییەوە بڵاوی کردەوە، ئەو بڕە پارە کاشەی دۆلار کە بڕیار بوو لە مانگی نیساندا لە ئەمریکاوە بگاتە عێراق، نەگەیشتووە. ئەم پەککەوتنە لە کاتێکدایە کە واشنتن پێشتر هۆشداریی توندی دابووە بەغدا لەبارەی چالاکیی گرووپە چەکدارەکان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ توندکردنی سزاکان و بەکارهێنانی دۆلار وەک کارتێکی گوشار.
چوارشەممە 22ی نیسانی 2026، سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئەو بڕە پارە کاشەی دۆلار کە حکوومەتی عێراق چاوەڕوانی دەکرد لەم مانگەدا (نیسان) لە لایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە ڕەوانە بکرێت، تا ئێستا نەگەیشتووە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، نەک هەر بڕە پارەی ئەم مانگە، بەڵکو چارەنووسی ئەو بڕە پارە کاشەیش کە بڕیارە مانگی داهاتوو ڕەوانە بکرێت، نادیارە و هیچ زانیارییەک لەو بارەیەوە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە نەدراوە.
ئەم پەرەسەندنە داراییە تەنیا ڕەهەندێکی ئابووری نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکەوە هەیە. لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: “هۆشدارییەکانی ئەمریکا لەبارەی گرووپە چەکدارەکان (فەسیلەکان) زۆر ڕوون و ئاشکرا بوون.”
نوێ دەکرێتەوە










